ئێران: لە کەنارەکانی یەمەن و سووریا بنکەی سەربازی دادەنێین
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (فارس) محەمەد باقری ئەمڕۆ شەممە 2016 -11 -26 لە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی هێزی دەریایی ئێراندا لە نووسینگەی ناوەندیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەم قسانەی کردووە.
باقری ئاماژەی بەوەش کرد "دەبێ وەکوو کەشتیی فڕۆکە هەڵگری دەریای عەمان، لە ئەقیانووسی هندیش بنکەی سەربازیمان هەبێت، پێویستمان بە بنکەی سەربازیی دوورەدەست هەیە، یان پێویستە لە ئەلجەزایر بنەکی دەریایی دابنێین."
جەختیشی کردەوە "بەڕای من بنکەی سەربازیی دوورەدەست، نەتەنیا کاریگەریی کەمتر لە بنکەی ئەتۆمەی نییە، بەڵکوو کاریگەریی دە بەرانبەر زیاترە."
حکوومەتی ئێران، کە بە پاڵپشتیی میلیشیا شیعەکانی عێراق، و بەتایبەت حووسییەکانی یەمەن تۆمەتبار کراوە، چەندین جار کەشتیی جەنگیی بە چەکوچۆڵەوە بۆ بەندەری عەدەن ناردووە کە ئەم پرسە بووەتە هۆی کێشە و ململانێ لە نێوان هیزەکانی ناوچە.
باسنيوز
