تره‌مپ كۆمپانیای ئه‌پڵ دڵخۆش ده‌كات
دواى ئه‌وه‌ى بۆ چه‌ند مانگێگ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان تره‌مپ و كۆمپانیای ئه‌پڵ ئاڵۆزى تێكه‌وت، كه سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریكا، به‌ڵێنی دابوو بایكۆتى كۆمپانیاكه بكات و باجى زیاتریان بخاته سه‌ر، تره‌مپ له په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فوونیدا، سه‌رۆكى كۆمپانیای ئه‌پڵ دڵنیا ده‌كاته‌وه و هه‌نگاوه هانده‌ره‌كانى ئیداره‌ى نوێی ئه‌مریكاى، پێده‌گه‌یه‌نێت.
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریكا، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ى "نیویۆرك تایمز"ـى ئه‌مریكی، ڕای گه‌یاند :" له‌لایه‌ن تیم كووك، سه‌رۆكى كۆمپانیای ئه‌پڵه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كم پێوه كرا، ئاگادارم كرده‌وه كه یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته گه‌وره‌كانى ماوه‌ى سهرۆكایهتییهكهم، ئه‌وه‌یه ئه‌پڵ هان بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین كارگه یان چه‌ند كارگه‌یه‌كى گه‌وره له ئه‌مریكا بكاته‌وه".
پێیشی وابوو، ئه‌وه باشتر ده‌بێت له‌وه‌ى ئه‌پڵ به‌رهه‌مه‌كانى له وڵاتى چین و ڤێتنام، به‌رهه‌م بهێنێت.
سه‌رۆكى ئه‌مریكا ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌پڵ ڕازی بێت به‌و هه‌نگاوه، باجى سه‌ر كۆمپانیاكان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م ده‌كرێته‌وه، "ئه‌وه‌ش ئه‌پڵ دڵخۆش ده‌كات".
دۆناڵد تره‌مپ، له‌كاتى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌دا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كۆمپانیاكه ڕێگه‌ى نه‌دابوو مۆبایله‌كه‌ى "سه‌ید فارووق" ئه‌و كه‌سه‌ى هێرشه‌كه‌ى "سان برناردینۆ"ى له ویلایه‌تى كالیفۆرنیا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى ئه‌نجامدا و بوو به‌هۆى كوژرانى 14 كه‌س، هاك بكرێت، هێرشی توندى كرده سه‌ر ئه‌پڵ و داواى كرد بایكۆتى به‌رهه‌مه‌كانى بكرێت.
هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ى ئه‌وه‌شى لێگرت، كه به‌رهه‌مه‌كانى له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
BAS NEWS -
