خامنەیی: ئەگەر ئەمریکا گەمارۆ بخاتەوە سەر ئێران کاردانەوەمان دەبێت
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (میهر) و بە پشذتبەستن بە ڕاگەیاندنی نووسینگەی خامنەیی، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2016 -11-24 لەگەڵ هێزە بەسیجییەکانی سەر بە سوپای پاسداران دیداریان کرد و جەختیان لەوە کردەوە "ئەگەر ئەمریکا دووبارە گەمارۆکان دژی ئێران جێبەجێ بکات، ئەوان بێدەنگ نابن و کاردانەوەیان دەبێت."
خامنەیی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەیان دایە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئێران و ئەمریکا و گوتی: "ئێمە ئێستا ناتوانین قەزاوەتی دەوڵەتی نوێ ئەمریکا بکەین، بەڵام دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا پێچەوانەی ڕێککەوتنی ناوکی کار دەکات و تا ئیستا چەندین جار لادانی هەبووە."
جەختیشی کردەوە "کۆنگرێسی ئەمریکا یاسای گەمارۆکانی دژ بە ئێران دە ساڵی دیکە درێژ کردووەتەوە و ئەگەر ئەمە ڕوو بدات بێگومان ڕێککەوتنی ناوکی(بەرجام) پێشێل کراوە و بزانن کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئەوەدا کاردانەوەی هەیە."
دووپاتیشی کردەوە کە ڕێککەوتنی ناوکی، یان هەمان بەرجام نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ گوشارخستنە سەر گەل و وڵاتی ئێران.
باسنيوز
