پۆتین و ترامپ بۆ دووهەم جار بەیەکەوە گفتوگۆیان کرد

پۆتین و ترامپ بۆ دووهەم جار بەیەکەوە گفتوگۆیان کرد
سەرۆک‌کۆماری رووسیا ڤلادمیر پۆتین و سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆنالد ترامپ، دوای هەڵبژاردنی ترامپ بۆ سەرۆک‌کۆماریی ئەمریکا، بۆ دووهەمین جار بە تەلەفۆن بە یەکەوە گفتوگۆیان کرد.



گوتەبێژی کۆشکی کرێملین لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەم هەواڵە، رایگەیاند: ئەم گفتوگۆیە داخراو بووە و تەنیا لە نێوان پۆتین و ترامپدا ئەنجام دراوە. پۆتین و ترامپ نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەریش بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کردووە و پۆتین بە بۆنەی سەرکەوتنی ترامپ پیرۆزبایی پێکوتبوو.

دۆنالد ترامپ، لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا پشتگیریی لەهەندێک لە سیاسەتەکانی پۆتین کردبوو و رایگەیاندبوو بە مەبەستی باشتر بوونی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات هەوڵ دەدات.

پێوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی باراک ئۆبامادا بە هۆی سیاسەتەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا، سووریا و وڵاتانی دیکە بەرەو ساردی رۆیشت. هەندێک لە کۆماریخوازانی ئەمریکا لەبارەی پەرەپێدانی پێوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ رووسیا، هوشدارییان داوە.
PAYAMNER -
Top