ترەمپ ناوی بەشێک لە وەزیرە نوێیەکانی ئاشکرا دەکات
ترەمپ لە بارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ میت رۆمنی کاندیدی پێشووی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2012 رایگەیاند، کۆبوونەکەیان زۆر باش بووە، لای خۆشیەوە رۆمنی رایگەیاند باسی چەندین پرسی جیاوازیان کردووە بەتایبەتی هەڕەشەکانی ئەمڕۆی سەر جیهان.
لەگەڵ ئەوەی کە میت رۆمنی دژایەتی سەرسەختی ترەمپی دەکرد لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و چەندین جار هێرشی تووندی کردووەتە سەر ترەمپ و بە "فێڵباز و نەشیاو" بۆ سەرۆکی ئەمریکا وەسفی کردووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە کەسە نزیکەکەکانی ترەمپەوە دەست میدیاکانی ئەمریکا کەوتوون، رۆمنی یەکێک دەبێت لە کاندیدە بەهێزەکانی ترەمپ بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
هەر رۆژی شەممە ترەمپ بۆ ماوەی یەک کاژێر لەگەڵ جەنەراڵ جەیمس ماتیس کۆبووەوە، جەنەرال ماتیس بە یەکێک لە کاندیدە بەهێزەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری هەژمار دەکرێت.
دوای کۆبوونەوەکانیش ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پرۆسەی دەستنیشانکردنی کاندیدەکانی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە جیاوازەکانی ئیدارەکەی زۆر بەباشی بەڕێوەدەچیت، ترەمپ هەروەها گوتی، لەگەڵ کەسانی زۆر لێهاتوو بەتوانا کۆبووەتەوە.
ترەمپ لەبارەی کاتی راگەیاندنی ناوی وەزیرە نوێیەکانیشی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 20-11-2016 هەندێک ناو ئاشکرا دەکات.
پێشتر مایکڵ فلین، بۆ پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جێف سێشن، بۆ پۆستی دادوەری گشتی و مایک پۆمپییۆ بە بەڕێوەبەری نوێ سی ئای ئەی لەلایەن ترەمپەوە دەستنیشانکراون.
روداو
