ئەمریکا سەدان پەنابەری موسڵمان لە کەمپەکانەوە وەردەگرێت

 ئەمریکا سەدان پەنابەری موسڵمان لە کەمپەکانەوە وەردەگرێت
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی گەیشتوونەتە ئوسترالیا بۆ بردنی سەدان پەنابەری موسڵمان لە کەمپەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ئەمریکا.

رۆژی شەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2016، مالکۆلم تێرنبوڵ، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، کە بەرپرسە ئەمریکییەکان داواکاریی ئەو پەنابەرانە هەڵدەسەنگێنن، کە ئوسترالیا لە دوو دوورگە دەستبەسەری کردوون.
زۆربەی پەنابەرەکان هاووڵاتیی وڵاتانی عێراق، سووریا، ئەفغانستان و پاکستانن و بەهۆی شەڕ و کێشەکانەوە، وڵاتی خۆیان بەجێ هێشتووە و روویان کردووەتە ئوسترالیا و ئەو وڵاتەش لە چەند دوورگەیەک دەستبەسەری کردوون، تا ئەو کاتەی مافی پەنابەرێتیی وەردەگرن.

هەفتەی رابردوو هەردوو وڵاتی ئوسترالیا و ئەمریکا رێککەوتن لەسەر ناردنی سەدان پەنابەر لە دوو دوورگە بۆ ئەمریکا و وەرگرتنیان وەک پەنابەر لەو وڵاتە، کە ژمارەیان 1200 پەنابەرە.

لە ماوەکانی رابردوودا، چەند جار سەدان و هەزاران هاووڵاتیی ئیسترالیا خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە و داوای وەرگرتنی پەنابەرەکان دەکەن.

پێشتر لە سەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کە رێگا بە هیچ موسڵمانێک نادات پێ بنێتە سەر خاکی ئەمریکا و دوای سەرکەوتنیشی لە هەڵبژاردنەکان، رایگەیاند، مەبەستی پەنابەری ئەو وڵاتانە بوو، کە پشتگیریی تیرۆر دەکەن.

هاووڵاتییانی ئوسترالیا داوا دەکەن پەنابەران دەست بەسەر نەکرێن












باسنيوز
Top