برۆکسێل.. کۆنفرانسی هاوکاریی ناتۆ و یه‌کێتیی ئه‌ورووپا بەڕێوە چوو
له کۆنفرانسه‌که‌دا که په‌یامنێری (باس‌نیوز)یش له بروکسێل به‌شدار بوو، باس له چۆنیه‌تیی گرتنەبه‌ری ڕێوشوێنه‌کان بۆ هه‌بوونی هاوکاری و لێک نزیکبوونه‌وه‌ی ناتۆ و یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، بۆ پته‌وکردنی ئاسایش و ئه‌منیه‌تی نێووده‌وڵه‌تی کرا.
کۆنفرانسه‌که له‌لایه‌ن رێکخراوی په‌یمانی ئاتلانتیک Atlantic Treaty Association پلانی بۆ دانرابوو که تێیدا سه‌ره‌تا (میشێل گاهلێر) ئه‌ندامی پەرله‌مان له‌سه‌ر گرووپی پارتی گه‌لانی ئا‌ڵمانیا به جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر گرنگیی کاره هاوبه‌شه‌کانی نێوان ناتۆ و یه‌کێتیی ئه‌ورووپا ده‌ستپێکی باسه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌ی کرده‌وه.
پاشان له‌لایه‌ن ئه‌م به‌ڕێزانه پانێلی یه‌که‌م به‌ڕێوه چوو که چه‌ندین وتار پێشکش کران له‌بارەی چاره‌سه‌رییه‌کان و چۆنیه‌تیی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگە ساناکان بۆ به‌هێزکردن و به‌رده‌وامیدان به هاوکارییەکانی نێوان دوو لایه‌ن:
- پرۆفسۆ (فابریزیۆ و.لوچیۆڵی) سه‌رۆکی ڕێکخراوی په‌یمانی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ).
- باڵوێز ( تاکان ئیلده‌م) یارمه‌تی ده‌ری سه‌رۆکی گشتیی دیپلۆماسی ئاشکرای گشتیی ناتۆ.
- پرۆفسۆر (جولیان لیندله‌ی-فرێنچ) جێگری سه‌رۆکی ڕێکخراوی په‌یمانی ئاتلانتیک.
پانێلی دووه‌م بریتی بوو له به‌شداریی:
- (ئه‌ندرئیاس شوواب)، ئه‌ندامپەرلەمانله‌سه‌ر لیستی گرووپی پارتی گه‌لانی ئا‌ڵمانیا.
- (سارا تاری)، به‌رپرسی به‌شی ئاماده‌کاریه‌کانی ئۆپێراسیۆنی ناتۆ.
- ( ڕۆناڵد ڤان ره‌یبرۆک)، به‌ڕێوه‌به‌ری پلان و پشتوانیکردن له هاوکارییه‌کان بۆ ئاژانسی به‌رگری ئه‌ورووپا.
- ( ماسیمۆ کاپێلی)، به‌رێوه‌به‌ری پلان‌داڕێژی بۆ جه‌نگی ئه‌منیه‌تی سایبریی گلۆبال.
- (جێرزی بووزێک)، ئه‌ندام پەرلەمان له‌سه‌ر گرووپی پارتی گه‌لانی پۆله‌ندا.
- ( ئابراهام باشار) دامه‌زرێنه‌ری سی.ئی،ئۆ ئیسرائیل-تیم 98 ئێل.تی.دی.
پاشان گفت‌و گۆیه‌کی ئاوه‌ڵه له نێوان (داوید لوئێنگۆ) به‌رێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ئیندرا و (کاڕڵۆ بیفانی) ڕاوێژکاری گروپی ئه‌منیه‌تی سی.ئی.ئۆ به‌ڕێوه چوو.
کۆی گشتیی باسی کۆنفرانسه‌که بریتی بوو له به‌کارهێنانی هێزی دوو لایه‌نه‌ی ناتۆ و یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، لێک تێگه‌یشتن و داڕشتنی ستراتێژیی هاوبه‌ش بۆ په‌ره‌پێدان و به‌هێزکردنی هاوکارییه‌کانیان سه‌باره‌ت به ئه‌منیه‌تی نێووده‌وڵه‌تی.
هه‌روه‌ها ئاماژەی به‌وه درا که ئه‌منیه‌ته ناوخۆییه‌کانی ناو هه‌ر وڵاتێک کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی بۆ سه‌ر ئه‌منیه‌تی نێووده‌وڵه‌تی هه‌یه. به‌م پێیه پێویسته گرنگی به دۆخی ئه‌منیه‌تی لۆکاڵ و ناوخۆیی وڵاته‌کان بدرێت.
باسنيوز
