واشنتون تایمز: بەشداریی حەشدی شەعبی لە شەڕی موسڵدا ئەمریکییەکانی نیگەران کردووە
بەپێی ھەواڵێکی ڕۆژنامەی واشنتون تایمزی ئەمریکی، بەشداری میلیشیا شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە شەری ئازادکردنەوەی موسڵدا، ئەمریکییەکانی نێگەران کردووە و ھوشداری ئەوەیان داوە کە یارمەتییە سەربازییەکان ڕادەگرن.
ڕۆژنامەکە لەسەر زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە کە سوپای عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی "کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن" بەروەپیشچوونێکی زۆری بەرەو شارۆچکەی تەلعفەر کردووە و چەند ناوچەیەکیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو یەکە سەربازییانە لە ھەوڵی بڕینی ڕێگای نێوان باشووری ڕۆژئاوای مووسڵ و سووریادان لەکاتێکدا ھێزەکانی پیشمەرگە و سوپای عێراقیش لە باکوور و ڕۆژھەڵاتەوە فشارێکی زوریان بۆ سەر داعش دروست کردووە.
ھەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی واشنتون تایمز، تێکەڵبوونی سوپای عیراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی بووەتە ھۆکاری نیگەرانبوونی بەرپرسانی ئەمریکی، چونکە لەکاتێکدا ھاوکاریی ئاسمانی پیشکەش بە سوپای عێراق دەکەن، ئەو ھاوکارییە حەشدی شەعبیش دەگرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە حەشدی شەعبی سەربە ئێرانە و لەدژی ئەمریکان. ھوشداریی ئەوەشیان داوە کە ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە ئەوان پشتێوانیی سەربازی بۆ سوپای عێراق ڕادەگرن ئەگەر لەگەڵ حەشدی شەعبی جیا نەبنەوە.
PAYAMNER -
