ساڵی ڕابردوو ٦٤ مەدەنی لە بۆردوومانی فرۆکەکانی ئەمەریکادا لە عێراق و سوریا کوژراون
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی پنتاگۆن بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانی فڕۆکەکانی ئەمەریکاوە ٤٤هاوڵاتی مەدەنی لە عێراق کوژراون کە ئەوانیش لە نزیک موسڵ و گەیارە و ڕەمادی و تەلەعفەر بوون.
هەروەها بەهۆی فڕۆکەکانی ئەمەریکاوە ٢٠هاوڵاتی مەدەنی لە نزیک دەیرەزوور و ڕەقە و منبج لە سوریا کوژراون و سێ هاوڵاتی دیکەش لە نزیک دەیرەزوور برینداربوون.
جۆن تۆماس وتەبێژی فەرماندەی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند ، ماوەی چەندین مانگە پێداچونەوەمان بە ڕاپۆرت و زانیاریەکانی کوژراو و بریندارانی هاوڵاتیانی مەدەنیفڕۆکەکانی هاوپەیمان کردووە تیمێکمان بۆ ڕێگریکردن لە قوربانی بێ مەبەستی هاوڵاتیانی مەدەنی تەرخانکردووە".
وتیشی "هەندێک جار هاوڵاتیانی مەدەنی باجی چالاکیە سەربازیەکان دەدەن بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین تا ئەو ڕووداوانە کەمبکەینەوە".
هەفتەی ڕابردوو ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئەمەریکاوە لە نزیک موسڵ ٨ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە ئەندامی خانەوادەیەکن.
ئەوە لەکاتێکدایە کە گروپەکانی مافی مرۆڤ ئەو ئامارانەی ئەمەریکا لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی بە ڕاست نابینن و پێیان وایە ژمارەکە لەوە زیاترە.
