وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: سەركەوتنی ترەمپ تووشی "شۆكی گەورەی" كردین

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: سەركەوتنی ترەمپ تووشی
ئورسولا ڤۆن دێر لین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپی لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بە "شۆكێكی گەورە" وەسفكرد، داواشی لێكرد كە دڵنیایی بدات سەبارەت بەپابەندبوونەكانی بەرامبەر هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەنتیك (ناتۆ).

ئەڵمانیا هەروەك زۆربەی وڵاتانی دیكەی ئەوروپا نیگەرانە لەلێدوانەی پێشتری ترەمپ لەمیانەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا كە وتبووی ئەگەر روسیا هێرش بكاتە سەر ناتۆ ئەوا بەرلەوەی هاوكاری ئەو وڵاتە بكات كە بەئامانج كراوە سەیری ئاستی پابەندبوونە بەرگریەكانی ئەو وڵاتە دەكات.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا وتیشی "بەدڵنیاییەوە ئێمەی ئەوروپیەكان وەكو هاوپەیمانی ناتۆ ئەوە دەزانین كە ئەگەر ترەمپ ببێتە سەرۆك, پرسیاری ئەوەی لێدەكرێت كە ئایا بەردەوام بێت لەم هاوپەیمانییەو هەڵوێستی چی دەبێت؟ پرسیاری زۆریش ماوە وەڵام بدرێتەوە".



سەبارەت بە بەڵێن‌و دروشمی ترەمپ بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەمریكا مەزن بكات، وەك لەبانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئاماژەی پێدەكرد، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند ئەوە تەنها لەكاتێكدا دەكرێت كە ئابورییەك بەهێز هەبێت‌و تەنها كاتێكیش دەبێت كە نائارامی لێنەكەوێتەوە.

وتیشی "لەبەرژەوەندی ئێمەیە كەئەمریكا بەبەهێزی بمێنێتەوەو بەرپرسیارێتی لەئەستۆبگرێت‌و بەرەو رووی جیهاندا كراوە بێت".

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە دۆناڵد ترەمپ سەركەوتنی لەهەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا راگەیاندو شكستی بەڕكارەبە سەرسەختەكەی (هیلاری كلنتۆن) هێنا.

دۆناڵد ترەمپ لەیەكەم وتاریدا لەدوای‌ سەركەوتنی‌ لەهەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتی‌ ئەمریكا رایگەیاند، ئێستا كاری‌ پێكەوەییەو خزمەتی‌ سەرجەم هاوڵاتیانی‌ ئەمریكی‌ دەكات بەبێ ئاین و رەنگ‌و بیركردنەوەی‌ جیاواز.

وتیشی‌ "دەبێت ئەمریكا جارێكی‌ دیكە پێكەوە كاربكات بەبێ ئاین‌و رەنگ‌و بیركردنەوەی‌ جیاوازو خزمەتی‌ سەرجەم هاوڵاتیان دەكەین و خەونی‌ ئەمریكا بەدیدەهێنین".

ترەمپ كەملیادرێرو بزنسمانێكی‌ گەورەیە ئاماژەی‌ بەوەكرد، لەماوەی‌ ژیانیدا كە بەبازرگانیەوە بەسەری‌ بردووە خەڵكێكی‌ زۆری‌ ناسیوەو دەیەوێت وزەكانی‌ بۆ خزمەتی‌ ئەمریكا بەكاربهێنێت.


ئەو وتانەی‌ ترەمپ بەپەیامێكی‌ دڵنیاكەرەوە لێكەدرێتەوە بۆ ناوخۆو دەرەوەی‌ ئەمریكا دوای‌ لێدوانە مشتومڕاوییەكانی‌ لەكاتی‌ كەمپەینی‌ هەڵبژاردندا، بەو پێیەی‌ وتارەكە نەرمی‌ پێوە دیاربوو بەراورد بە لێدوانەكانی‌ پێشووی‌.

هەندێك لەبیروڕاو لێدوان‌و هەڵوێستەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێ-ی ئەمریكا سەبارەت بەئەمریكاو جیهان، وایكردبوو ناوبراو ببێتە كاندیدێكی جیاواز لەو كاندیدانەی‌ لەهەڵبژاردنەكانی پێشووتردا ركابەرێتیی بەدەستهێنانی ئەو پۆستەیان دەكرد، دواجار ئەو گرەوەكەی بەردەوە.








خەندان
Top