دادگا بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆجێگری سەرۆكی فراكسیۆنی هەدەپە دەركرد
دادگای شاری بینگۆل لەتوركیا بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ ئیدریس بالوكەن جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی هەدەپە دەركرد، ئەوەش دوای وەرگرتنی وتەكانی.
ئەمڕۆ پۆلیسی توركیا هەڵیانكوتایە سەر ماڵی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) لە ئامەدو دەستگیریان كرد، هاوكات فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكی پارتەكە و نۆ پەرلەمانتاری هەدەپە دەستگیركران، كە یەكێكیان ئیدریس بالوكەن بوو.
بالوكەن لەشاری بینگۆل لەلایەن دادگاوە وتەی لێوەرگیراو دواتر دادگا بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ دەركرد، ئەوەش وەك بەشێك لە لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ ئەندام پەرلەمانانی هەدەپە بەبیانوی "پەیوەندییان بە گروپەكانی تیرۆرەوە".
لەناو ئەو پەرلەمانتارانەی هەدەپە كە ئەمڕۆ دەستگیركران، بالوكەن بووە یەكەم كەس كە بەفەرمی لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ دەربكرێت.
دەستگیركردنی هاوسەرۆكانو پەرلەمانتارانی هەدەپە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئیدانەی ئەو كارە دەكاتو پێیوایە ئەو كردەوانە توركیا بەرەو ئاڕاستەیەكی بەرەو مەترسیدار دەبات.
كەمال كڵیچدار ئۆغڵو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری(جەهەپە) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لەتوركیا، لەكاردانەوەی دەستگیركردنی هاوسەرۆكانو پەرلەمانتارانی هەدەپە، رایگەیاند"ئەو كردەوانە توركیا بەئاڕاستەیەكی مەترسیدار دەبات".
كڵیچدار ئۆغڵو كە پارتەكەی خاوەنی 134 كورسی پەرلەمانە لەكۆی 550 كورسی پەرلەمانی توركیا، ئەوەشی خستەڕوو هەموو ئەو كردەوانەی كە لەلایەن حكومەتی توركیاوە ئەنجامدراون هەوڵدانێكە بۆ زەمینەسازكردنو خۆئامادەكردن بۆ دانانی بناغەی سیستمێكی سەرۆكایەتی لەو وڵاتە، وتیشی"ئەوانەی كە بەهەڵبژاردن هاتوون دەبێت بەهەڵبژاردن بڕۆن".
هۆكاری دەستگیركرانی بەرپرسانی هەدەپە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە رەتیانكردووەتەوە لەبەردەم داواكاری گشتیی ئامەد ئامادەبنو وتەی خۆیان لە پڕۆسەی لێكۆڵینەوەی دۆسیەیەكی تایبەت بە "تیرۆر" پێشكەش بكەن.
هەر لەكاردانەوەی دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانەی هەدەپەدا، فێدریكا مۆگرینی نوێنەری باڵای یەكێتی ئەوروپا بۆكاروباری دەرەوەو ئاسایش لە تویتەری فەرمی خۆی رایگەیاند"زۆر نیگەرانم بەرامبەر دەستگیركردنی سەلاحەدین دەمیرتاشو پەرلەمانتارانی دیكەی هەدەپەو لەپەیوەندیدام لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا".
مۆگرینی داواشی لە باڵیۆزانی یەكێتی ئەوروپا كرد بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەیەك لە ئەنقەرە.
هاوسەرۆكانی هەدەپە، لە ژێر یاسای دژە تیرۆری توركیادا دۆسییەیەكیان رووبەڕوو كراوەتەوەو پاش هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاری-یان داوایان لێكراوە كە لە دادگا ئامادەبن تاوەكو وتەو شایەتییان لێوەربگیرێت، بەڵام ئەوان لە حوزەیرانی ئەمساڵدا رەتیانكردەوە كە ئەو كارە بكەن.
هاوكات سەرۆك وەزیرانی توركیاش لەبارەی دەستگیركردنی بەرپرسانی هەدەپەوە قسەیكردو لەوەڵامی كڵیچدار ئۆغڵودا رایگەیاند ئەوانەی كە بەهەڵبژاردن هاتوون لەگەڵ هەڵبژاردندا دەڕۆن، "بەڵام دەبێت باجەكەی بدەن ئەگەر لەتیرۆردا تێوەگلابن".
بینالی یڵدرم بە رۆژنامەنوسانی وت"سیاسەت نابێت ببێتە قەڵغانێك بۆ ئەنجامدانی تاوانو توركیا دەوڵەتی یاسایە" ئەوەشی خستەڕوو ئەندامانی هەدەپە دەبوایە وتەی خۆیان پێشكەش بكردایە لەدادگا كاتێك كە داوایان لێكرا، "سەروەری یاسا مەسەلەیەكی بنەڕەتیە".
xANDAN-
