ناوی ئه‌و كه‌سه‌ ئاشكرا بوو كه‌ قسه‌ی ناشیرینی به‌ مێسی وتووه‌

ناوی ئه‌و كه‌سه‌ ئاشكرا بوو كه‌ قسه‌ی ناشیرینی به‌ مێسی وتووه‌


ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، ئاشكرای كردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌ دوای یارییه‌كه‌ی نێوان مانچێسته‌ر سیتی و بارسێلۆنا مێسی توڕه‌ كردووه‌، میكێل ئارتێتای یاریده‌ده‌ری پێپ گواردیۆلا بووه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 3 نۆڤێمبه‌ری 2016، كه‌ناڵی La Sextaـی ئیسپانیا، ئاشكرای كردووه‌ كه‌ ئارتێتای كاپتن و ناوه‌ڕاستكاری پێشووی ئارسێناڵ كه‌ ئێستا یاریده‌ده‌ری گواردیۆلایه‌ به‌ مێسی وتووه‌ گه‌مژه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، دوای كۆتایی هاتنی یاریی مانچێسته‌ر سیتی و بارسێلۆنا له‌ كاتی چوونی یاریزان بۆ ژووری جلگۆڕین، مێسی گوێبیستی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ یه‌كێك به‌ (هیچ و پووچ و گه‌مژه‌) ناوی ده‌بات، دواتر مێسی به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ چووه‌ته‌ ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی مانچێسته‌ر سیتی و به‌ دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وكه‌سه‌دا گه‌ڕاوه‌ كه‌ قسه‌ی ناشیرینی پێ وتووه‌، پاشان ئه‌گوێرۆی هاونیشتیمانی هه‌وڵی هێمن كردنه‌وه‌ی مێسی داوه‌.

میكیل ئارتێتای ته‌مه‌ن 34 ساڵ، پێشتر له‌ ئه‌كادیمیای بارسێلۆنا پێگه‌یشتووه‌، دواتر بۆ تیپی دووه‌می بارسێلۆنا سه‌رخراوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز بانگهێشتی تیپی یه‌كه‌می بارسێلۆنا نه‌كراوه‌، دواتر یاری بۆ یانه‌كانی پاریس سانجێرمان، ریال سوسیداد، ئیڤه‌رتۆن و ئارسێناڵیش كردووه‌، ئه‌مساڵیش له‌سه‌ر خواستی گواردیۆلا بۆته‌ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر له‌ مانچێسته‌ر سیتی.
k24 -
Top