سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا: پەنابەرانی کاڵاس رەگەزنامەی فەرەنسی وەردەگرن
رۆژی دووشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2016، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەستیان بە گواستنەوەی پەنابەرانی دارستانی کاڵاس کرد، کە پەنابەران وەک کەمپێک لێی دەژیان و بە شۆفڵ خانووە پەڕۆیینەکانیان رووخاند و کەمپەکەیان داخست.
مانوێڵ فالس، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا رایگەیاندووە، کە کەمپی کاڵاس وێنەیەکی ناشیرینی دابووە وڵاتەکەی و ”ناشمەوێ ئەو وێنەیە لە فەرەنسا ببینم“.
مانوـێڵ فالس موژدەی دایە پەنابەرانی ئەو کەمپە، کە گوازراونەتەوە تەواوی کەمپەکانی فەرەنسا، مافی پەنابەرێتیی وەردەگرن و ”سبەی دەبنە خاوەن رەگەزنامە و دەبنە پەرلەمانتار و وەزیریش لە فەرەنسا“.
دارستانی کاڵاس کەوتووەتە باکووری فەرەنسا و نزیکەی نۆ هەزار پەنابەر، کە زۆرینەیان خەڵکی وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق، سووریا و لیبیان، تێیدا لە ژێر دار و خێوەتەکانی ناوچەکە دەژین و دەیانەوێ لەوێوە بچنە بەریتانیا.
بەهۆی قەیران و شەڕەکان لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، ساڵانە دەیان هەزار هاووڵاتیی وڵاتانی عێراق، سووریا، ئەفغانستان و لیبیا و وڵاتانی ئەفریقیا بە گشتی وەک پەنابەر و بە رێگای نایاسایی، روودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا.
باسنيوز
