یۆنسکۆ: مانگانە شەش ڕۆژنامه‌نووس له‌ جیهاندا ده‌کوژرێن

 یۆنسکۆ: مانگانە شەش ڕۆژنامه‌نووس له‌ جیهاندا ده‌کوژرێن
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2016 -11- 2 به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی نێوده‌وڵه‌تیی چاوپۆشی نه‌کردن له‌ تاوانه‌کان دژ به‌ ڕۆژنامه‌نووسان، رێکخراوی یۆنسکۆ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی که‌ له‌ ڕاپۆرتی ئه‌مڕۆی رێکخراوی یۆنسکۆدا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر پێنج ڕۆژ، رۆژنامه‌نووسێک (واتە هەر یەک مانگ شەش ڕۆژنامەنووس) لە جیهاندا ده‌کوژرێت.

لانیکەم 827 ڕۆژنامه‌نووسان له‌ ماوه‌ی ساڵه‌کانی نێوان 2006 تا 2015 کوژراون. که‌ ته‌نیا 115 که‌سیان له‌ ساڵی 2015 دا کوژراون.

هه‌ر بۆیه‌ ساڵی 2015 وه‌ک خوێناویترین ساڵ بۆ ڕۆژنامه‌وانان تا به‌ ئێستا ناو ده‌بات، هه‌روه‌ها 1 له‌سه‌ر 10 ڕۆژنامه‌وانان له‌ جیهاندا له‌ژێر چاوه‌دێریی تووند دان

به‌پێی زانیارییەکانی یۆنسکۆ، کۆمه‌ڵێک له‌ وڵاتانی جیهان له‌ رێزی پێشه‌وه‌ دان بۆ پێشێلکارییه‌کانی مافی ڕۆژنامه‌وانان که‌ بریتین له‌ "سووریا، عێراق، یه‌مه‌ن و لیبی."

له‌ راپۆرتێکی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا بۆ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی زامنکردنی ئه‌منیه‌تی ڕۆژنامه‌وانان له‌ 2016 دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ که‌ ڕۆژنامه‌وانان له‌ جیهاندا به‌ ئاستێکی زۆر ڕووبه‌ڕووی شکه‌نجه‌، سووکایه‌تی پێکردن، هه‌ڕه‌شه‌، زیندان و کوشتن بوونه‌ته‌وه‌.

رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئاماژه‌ی به‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌وانان به‌ سووکایه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌ ئێلکترۆنیکیه‌کانیش کردووه‌.

به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی یۆنسکۆ، له‌ 213 ڕۆژنامه‌وانی کوژراو له‌ ماوه‌ی ساڵه‌کانی نێوان 2014 بۆ 2015 دا، 78 حاڵه‌تی له‌ناو وڵاتانی عه‌ره‌بیدا بووه‌. یونسکۆ هه‌رێمه‌کانی عه‌ره‌ب به‌ مه‌ترسیدارترین شوێنه‌کان بۆ ژیانی ڕۆژنامه‌وانان ناو ده‌بات.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ له‌ ڕاپۆرته‌که‌ی یۆنسکۆدا باس له‌وه‌ کراوه‌ که‌ 51 ڕۆژنامه‌وان له‌ ئەمەریکای لاتین و کارایێب کوژراون.

34 ڕۆژنامه‌وان له‌ کیشوری ئاسیا و 27 ڕۆژنامه‌وان له‌ وڵاتانی ئه‌فریقی و 12 ڕۆژنامه‌وان له‌ ئه‌ورووپای ناوه‌ندی و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا کوژراون.

له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا هاتووه‌ که‌ نیوهی‌ زیاتری ئه‌م ڕۆژنامه‌وانه‌ کوژراوانه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا که‌سانی چالاک له‌ دونیای مه‌جازی و ئینتەرنێت بوون، یان هه‌واڵنێری تایبه‌ت به‌ شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌کانی سووریا‌ بۆ ماڵپه‌ر و وێبلاگه‌کانی ئینتەرنێتی بوون.

له‌ ساڵی 2015 به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕێژه‌ی زۆری کوژراوه‌کان به‌ زۆری پێکهاتوو له‌ هه‌واڵنێرانی ماڵپه‌ڕه‌ ئینتەرنێتییه‌کان و کەناڵه‌ تەلەفیزیۆنییه‌کان بوون.














باسنيوز
Top