فوئاد مەعسووم پیرۆزبایی رۆژی نیشتمانیی توركیا لە ئەردۆغان دەكات

فوئاد مەعسووم پیرۆزبایی رۆژی نیشتمانیی توركیا لە ئەردۆغان دەكات
سەرۆككۆماری عێراق پیرۆزبایی رۆژی نیشتمانی توركیا لە سەرۆككۆماری توركیا دەكات و هیوادەخوازێت، پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات بەرەوپێشبچن.

رۆژی شەممە 29-10-2016 فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق بەبۆنەی 93ـیەمین ساڵڕۆژی جەژنی نیشتمانیی توركیا پەیامێكی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا كرد.

پەیامەكەی فوئاد مەعسووم لە ماڵپەڕی سەرۆكایەتی عێراق بڵاوكراوەتەوە و تێیدا باسی "دێرینی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەشی عێراق و توركیای كردووە".

بەپێی راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق فوئاد مەعسووم "گەرمترین پیرۆزبایی بۆ سەرۆكی توركیا دەربڕیوە، داوای لەشساغی و سەركەوتنی بۆ فەخامەتیان و، بۆ گەلی توركیای دۆستیش؛ هیوای پێشكەوتن و گەشەسەندنی خواستووە".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا سەرۆككۆماری عێراق پەرۆشیی وڵاتەكەی نوێكردووەتەوە بۆ پەرەپێدانی پردی پەیوەندیی دۆستانە و هاریكاریی لەگەڵ توركیادا، بەو جۆرەی لە خزمەت خواستی هەردوو وڵاتی دۆستدا بێت؛ لە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی و ئۆقرەییدا.

پەیامەكەی سەرۆككۆماری عێراق لەكاتێكدایە، پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و بەغدا بەهۆی پرسی بەشداریكردنی سوپای توركیا لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ و جێگركردنی سوپای توركیا لە باشیك، لەوپەڕی ئاڵۆزییدایە.
rudaw -
Top