فڕۆکە ئەمەریکییەکان دوو سەرکردەی قاعیدەیان لەئەفغانستان کوشت
فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمەریکا دوو سەرکردەی باڵای رێکخراوی ئەلقاعیدەیان لەئەفغانستان کوشت لەکاتێکدا ئەو رێکخراوە هەوڵی دووبارە رێکخستنەوەی خۆیو دۆزینەوەی شوێنێکی ئارام دەدات لەو وڵاتەدا.
هەریەک لە فاروق قەحتانی ئەمیری رێکخراوی قاعیدە لەباکوری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان هەروەها بیلال عوتابی جێگرەکەی، رۆژی شەممە لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكا کراونەتە ئامانجو کوژراون لە لەگەورەترین هێرشدا دژی سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە لەماوەی چەند ساڵێکدا. بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس.
بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاندوە، چەند موشەکێکی جۆری هێلفایر دوو ناوچەی جیاوازی پارێزگای کوناری کردوەتە ئامانج کە باوەڕ وایە ئەو سەرکردانەی قاعیدە خۆیان تیدا حەشار دابێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا سەرکەوتویی هێرشەکانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان کوشتنی ئەو سەرکردانەی رێکخراوی قاعیدەی پشتڕاستکردەوەو ئاشکرایان کرد کە جگە لەو دووانە، سەرکردەی سێیەمی رێکخراوەکەش لەو هێرشانەدا کوژراوە.
"هێرشەکە بەهاوکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان ئەنجامدراوە". بەپرسێکی ئەو دەزگا هەواڵگیرییەی ئەفغانستان رایگەیاندووە بەبێ ئەوەی ناوی ئەو سەرکردە سێیەمە بهێنێت کە کوژراوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) ماوەی چوار ساڵە بۆ فاروق قەحتانی دەگەڕێت کە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئوسامە بن لاندن-دا هەبووە پێش ئەوەی لەساڵی 2011 لەلایەن ئەمەریکاوە بکوژرێت.
قەحتانی لەساڵی 2009ەوە لەئەفغانستان چالاکی هەیەو بەرپرسیارە لەداندانی پلانی چەندین هیرش دژی ئەمەریکاو هێزە هاوپەیمانەکان لەو وڵاتە.
Xandan-
