فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان: سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ قوربانیدانه‌ قاره‌مانه‌كانی هێزی پێشمەرگە هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق دەكه‌م

 فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان: سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ قوربانیدانه‌ قاره‌مانه‌كانی هێزی پێشمەرگە  هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق  دەكه‌م
فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانێتی دژی داعش له‌ عیراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵه‌وه‌ زیاتر له‌ 2100 بۆمبی ئاسمانی و تۆپ و موشه‌كی جۆراوجۆریان له‌دژی بنكه‌ و باره‌گاكانی چه‌كدارانی داعش به‌كارهێناوه‌و ئه‌و گورزانه‌ سه‌دان چه‌كداری داعش و چه‌ك و سه‌ركرده‌كانی ئه‌و گروپه‌ی له‌ناوبردووه‌.



ژه‌نراڵ ستیفن تاونسێند، له‌ میانی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی رۆژانه‌دا له‌به‌غداوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند "به‌ناوی هاوپه‌یمانانه‌وه‌ ده‌مه‌وێت سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ قوربانیدانه‌ قاره‌مانه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق و كورد و شه‌هیده‌كانیان بكه‌م. شتێكی باشه‌ كه‌ ده‌بینین به‌ به‌رده‌وامی ئه‌وان له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕدا له‌پێشڕه‌ویدان و ئێمه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتگیریكردنیان هه‌تا موسڵ و هه‌موو عیراق له‌ داعش پاكده‌كرێته‌وه‌."

ئۆپه‌راسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ موسڵ له‌ 17 ی‌ ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ به‌به‌شداری‌ سوپاو هێزه‌ عیراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ به‌پاڵپشتی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان و تائێستا روبه‌رێكی‌ به‌رفراوان له‌داعش پاككراوه‌ته‌وه‌و هێزه‌كان له‌ موسڵ نزیكبوونه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی سوریاو ئۆپه‌راسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ ره‌ققه‌ی‌ پایته‌ختی‌ داعش، ژه‌نراڵ ستیفن تاونسێند وتی‌ "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانمان كارده‌كه‌ین بۆ ته‌واوكردنی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی دابڕاندن و دواجار ڕزگاركردنی شاری ڕه‌ققه‌. له‌كاتێكدا ئه‌و پلانه‌ به‌رده‌وامه‌، ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ وه‌شاندنی گورزی ئاسمانی وورد بۆ سه‌ر جوڵه‌ی دوژمن و سه‌ركرده‌كانیان له‌وشاره‌."

وتیشی "تاكه‌ هێز كه‌ بتوانێت له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ڕه‌ققه‌ ئازاد بكات هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌، كه‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) تێیدا به‌شدارێكی گرنگه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ ئێمه‌ ئێستا له‌پلانداڕشتن و دانوستانداین له‌گه‌ڵ توركیا".

تاونسێند كه‌ 21ی مانگی ئابی ئەمساڵ، وەك فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان دژی داعش دیاریكرا جه‌ختیشیكرده‌وه‌، زۆر گرنگه‌ ڕه‌ققه‌ گه‌مارۆبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌كاتێكی كه‌مدا شاره‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن، "بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و هێزانه‌ی هه‌مانه‌ ده‌یبه‌ین و گه‌مارۆی ڕه‌ققه‌ ده‌ده‌ین. دوای ئه‌وه‌ چی ڕووددات پێویسته‌ له‌نێوان حكومه‌تی ئه‌مریكا و به‌شداره‌ ناوخۆییه‌كان و حكومه‌تی توركیادا یه‌كلایی بكرێته‌وه‌."

ئەم وتانەی جەنەراڵ تاونسێند، لەكاتێكدایە كە دوێنێ مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا سەبارەت بە ئازادكردنەوەی رەقە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەك مەرج ئاماژەی بەوەكرد دەبێت ئۆپەراسیۆنی رەقە لەلایەن هێزە ناوخۆییەكانی سوریاوە بەبێ بەشداریی هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامبدرێت.

ئەنقەرە لە بەشداریی هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان نیگەرانەو پشتیوانیی ئەمریكا بۆ ئەو هێزانە بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی وڵاتەكەی ئەژماردەكات.

ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك هاوپەیمان مامەڵە لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەلدا دەكات، بەڵام توركیا بە "تیرۆریست" دەیانناسێنێت.

فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانێتی دژی داعش له‌ عیراق سه‌باره‌ت به‌ بوونی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ ده‌وروبه‌ری شه‌نگال و ئه‌گه‌ری به‌شداریكردنیان پاككردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌و ناوچه‌یه‌ رایگه‌یاند، ئه‌وان به‌شێك بوون له‌و هێزه‌ی كه‌ داعشیان له‌ ساڵی 2014 داعشیان كرده‌ ده‌ره‌وه‌ و ئێزدییه‌كانیان له‌ ناوچه‌ی شه‌نگال ڕزگاركرد. "په‌كه‌كه‌ ڕاستییه‌كن له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع و ئێمه‌ پێویسته‌ له‌ده‌وروبه‌ری ناوچه‌كه‌ی ئه‌وان كاربكه‌ین كاتێ دواجار هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق شه‌نگال رزگارده‌كه‌ن".

"من پێموایه‌ ئه‌و هێزه‌ی كه‌ شه‌نگال رزگارده‌كات هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق ده‌بێـت و ره‌نگه‌ ئه‌وانیش له‌وێ یارمه‌تی له‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ وه‌رگرن و دواتر ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن پێشوازی گه‌رانه‌وه‌یان بۆ شوێنی خۆیان لێده‌كرێت و ئه‌وانه‌شی خه‌ڵكی ئه‌وێ نین ره‌نگه‌ داوایان لێ بكرێت ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن، ئیتر هه‌ر كێیه‌ك بن"، جەنەراڵ تاونسێند وایوت.






خه‌ندان-
Top