تونس؛ دوو هاوڵاتیی ئەمریكی بە گومانی هەبوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش دەستگیركران
پۆلیسی تونس دوو كەسی خاوەن رەگەزنامەی ئەمریكیی بە گومانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی داعش دەستگیركرد.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێكی ئەمنی تونسەوە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە پۆلیسی ئەو وڵاتە بە گومانی ئەنجامدانی چالاكی تیرۆرستیو بوونی پەیوەندییان بە رێكخراوی تیرۆرستیی داعشەوە دوو كەسی خاوەن رەگەزنامەی ئەمریكی-یان دەستگیركردوە، "ژمارەیەك وێنەو گرتەی ڤیدیۆیی دۆزراونەتەوە كە خاوەندارییان بۆ ئەو دوو كەسە دەگەڕێنەوەو لەنێویاندا ستایشی رێكخراوی تیرۆرستیی داعش دەكرێت".
بەرپرسە ئەمنییەكەی تونس، ئاماژەی بەوەكردووە كە گومانلێكراوەكان دوو هاوڵاتیی ئەمریكین، تەمەنیان 29 و 32 ساڵە، بەمەبەستی خوێندن چوونەتە تونسو یەكێكیان هاوسەرگیریی لەگەڵ ژنێكی تونسیدا كردووە و ئافرەتەكە چووەتە سوریا.
گومانلێكراوەكان لە گرتوخانەی جەندوبەی نزیك سنوری جەزائیر دەستبەسەركراونو بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا دادگایی بكرێن، هیچ یەكێك لە بەرپرسانی باڵیۆزخانی ئەمریكا لە تونس تاكو ئێستا ئامادەی لێدوان نەبوون لەمبارەیەوە.
ساڵی رابردوو تونس رووبەڕووی چەند هێرشێكی خوێناویی چەكدارانی رێكخراوی داعش بووەوە.
Xandan-
