پاریس.. وەزیرانی بەرگریی 13 وڵات لە دژی داعش کۆ دەبنەوە
کۆ بوونەوەکە رۆژی سێشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2016 لە پاریس بە سەرۆکایەتیی ژان ئیف لۆدریان، وەزیری بەرگریی فەرەنسا و ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ساز دەکرێ.
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی بەرگریی عێراق بەڕێوەدەچێت و وەزیرانی بەرگریی هەریەکە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، نەرویج، ئیسپانیا، ئوسترالیا، دانیمارک، بەریتانیا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، بەلجیکا، نیوزیلەندا و کەنەدا ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی بەرگریی ئەو وڵاتانە تاوتوێی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ و شەڕی دژی داعش لە سووریا دەکەن.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور، وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا، چیک، بەریتانیا، ئەمریکا، هەنگاریا و چەند وڵاتێکی دیکە بە مەشقکردن بە پێشمەرگە و ناردنی کەلوپەلی سەربازی، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
