توركیا چاوی له داگیركردنی حه‌له‌به و روسیا ڕێگری لێ ده‌كات
سوپای سوریای ئازاد كه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن توركیاوه هاوكاری سه‌ربازی ده‌كرێ، له ئۆپه‌راسیۆنی (قه‌لغانی فورات)ی توركیادا بۆ ناو خاكی سووریا ئه‌و سوپایه به‌هێزی زه‌مینی توركیا داده‌نرێ، ئێستە خۆی ئاماده كردووه بۆ چوونه نێو ئه‌لباب، كه تا ئێستە له ده‌ستی داعشدایه.
توركیا و سوپای سوریای ئازاد توانیان له ماوه‌ی 50 رۆژی ئۆپه‌راسیۆنی (قه‌لغانی فورات)دا جه‌رابلوس و دابیق و چه‌ندین گوند له ده‌ستی داعش ده‌ربهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له به‌یه‌كەوە به‌ستنه‌وه‌ی كانتۆنه‌كانی كۆبانێ و عه‌فرین بگرن، ده‌یانه‌وێ ئه‌لبابیش له ده‌ستی داعش ده‌ربهێنن.
یه‌په‌گه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ كانتۆنه‌كانی عه‌فرین و كۆبانێ به یه‌كترییه‌وه ببه‌ستێته‌وه، تاكه شارۆچكه له‌به‌رده‌ستی مابێت ئه‌لبابه، چونكه دوای ئه‌وه‌ی جه‌رابلوس كه‌وته ده‌ست سوپای سوریای ئازاد و توركیا، ئیدی یه‌په‌گه ته‌نیا ئه‌لبابی له ده‌ست ماوه بۆ به یه‌كتر به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و 2 كانتۆنه.
توركیا به ئاشكرا ده‌ڵێ به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌ڵین ئه‌لباب بكه‌وێته ده‌ست یه‌په‌گه، توركیا بۆ خۆی رزگاری ده‌كات و تاوه‌كو ئێستەش ئه‌مه‌ریكا هیچ هه‌ڵوێستێكی له‌و باره‌یه‌وه نه‌بووه.
بیناڵی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له وتارێكی دوێنێیدا له ئه‌فیۆن، ئاماژه‌ی دا هێزه‌كانی سوپای سوریای ئازاد له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی توركیا ئاماده‌ن بۆ چوونه ناو ئه‌لباب، ئێمه نایه‌ڵین یه‌په‌گه ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌لباب بگرێت و خه‌ونه‌كه‌ی بێته دی.
باسی له‌وه‌ش كرد ئیدی توركیا له سوریا بنكه و باره‌گاكانی یه‌په‌گه ده‌كاته ئامانج تا ئه‌و كاته‌ی له رۆژئاوای فورات ده‌كشێنه‌وه و، مه‌نبه‌ج چۆڵ ده‌كه‌ن.
له راپۆرتێكی ته‌له‌ڤزیۆنی (سی ئێن ئێن)ـی توركی هاته‌وه به‌وه‌ی توركیا ده‌یه‌وێت دوای ئازادكردنی ئه‌لباب ئیدی به‌ره‌و حه‌له‌ب پێشڕه‌وی بكات، به‌ڵام تاكه له‌نگه‌ر له به‌رده‌م توركیا وڵاتی روسیایه.
حه‌له‌ب ئێستە له ده‌ستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و فڕۆكه‌كانی روسیا و سوریاش رۆژانه ئه‌و شاره بۆردومان ده‌كه‌ن و ده‌یان هاووڵاتی سڤیل ده‌بنه قوربانی، بۆیه توركیا ده‌یه‌وێت حه‌له‌ب بخاته ژێر ركێفی خۆیه‌وه.
نوران مه‌رت رۆژنامه‌نووسی دیاری توركیا، له وتارێكیدا كه ئه‌مڕۆ له رۆژنامه‌ی (سۆزجو) بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ره‌خنه له توركیا ده‌گرێت به‌وه‌ی بۆچی ئه‌وه‌نده خه‌می خه‌ڵكی موسڵ و حهلهبتانه و ئه‌ی بۆچی باس له توركمانه‌كانی سووریا و موسڵ ناكه‌ن.
مه‌رت ئاماژه‌ی داوه گرنگه توركیا به چاوی رێز سه‌یری هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی سوریا و عێڕاق بكات، به‌ڵام ده‌زانم مه‌به‌ستی ئه‌و وڵاته خه‌مخۆری نییه بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڵكو ده‌یه‌وێت حه‌له‌ب بخاته ژێر ركێفی خۆی.
هه‌ر له راپۆرته‌كه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی ناوبراودا هاتووه، روسیا توركیای ئاگادار كردووه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر له دوای ئه‌لبابه‌وه هه‌نگاوی دیكه بنێت رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه، چونكه له دوای ئه‌لباب راسته‌وخۆ سنووری سوپای سوریا ده‌ست پێده‌كات و، ئه‌گه‌ر توركیا بیه‌وێت به‌ره‌و حه‌له‌ب پێشڕه‌وی بكات ناچاره له‌گه‌ڵ سوپای سوریا بكه‌وێته شه‌ڕه‌وه.
باسنيوز
