حەسەن ڕۆحانی وەڵامی لێدوانەکانی خامنەیی دایەوە

 حەسەن ڕۆحانی وەڵامی لێدوانەکانی خامنەیی دایەوە
حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا وێڕای دانپێدانان بە گرفت و کێشەی بێکاری لە ئێران و بەردەوامیی ئەم کێشەیە بە هێرشکردن بەسەر لێدوانەکانی باڵی خامنەیی لەم بارەوە گوتی "وازلە هەڵسوکەوتی منداڵانە بهێنن چونکە نەبووی بەستێنی لەبار وکاروپیشەو پەرەسەندنی بێکاری گەورەترین گرفتی ئێستاکەی کۆمەڵگەی ئێرانە"

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، خامنەیی ئاماژەی بەوەش کردووە ڕیشەی بەشێکی زۆر لە تاوانەکان و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران لە بێکاری ‌دایە.

رایشیگەیاند "گرفتی بێکاری لە ساڵانی داهاتوودا کارەساتی لێ دەکەوێتەوە و دەوڵەت بەتەنیایی ناتوانێ چارەسەری بکات و دەبێ هێندێک کەس واز لە گەمەی منداڵانە و کێشەسازکردن بهێنن."

ڕووی قسەکانی ڕۆحانی باڵی بناژۆخوازی خامنەیی بوو، هەروەها ڕۆحانی سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی گوتی: "با ڕاگەیاندنەکان لە بڵاوکردەنەوەی هەواڵی ناراست و تۆمەت لێدان و بەلارێدابردنی راستییەکان دەست هەڵگرن."

ئەم لێدوانانەی حەسەن ڕۆحانی لە کاتێک دایە کە بەپێی قسەکانی نوێنەرێکی پەرلەمانی ئێران کە گوتبووی: "عەلی ئەزغەرفانی" وەزیری پەروەردە لە ترسی دەرکەوتنی راستییەکان و دزی و گەندەڵیی دارایی کەلە و وەزارەتخانەکەی رووی داوە، دەستی لەکار کێشاوەتەوە" لەلایەکی دیکەش سەرکۆمار هۆی دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری فێرکردن و ڕاهێنان و وەزیرەکانی دیکە بە نۆژەنکردنی کابینەی دەوڵەت لە قەڵەم داوە.

بەڕای کارناسان، دەوڵەتی ڕۆحانی سەرەڕای وادە و بەڵێنییەکانی لە چارەسەرکردنی کێشەی ئابووری و بێکاری تا ئێستا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، لەم بارەوە نوێنەرێکی دیکە لە پەرلەمان بە رەخنەگرتنەوە گوتی: "کلیلەکەی ڕۆحانی نەتەنیا قفڵەکانی نەکردوتەوە، بەڵکوو گرفتەکانی زیاتر کرد."













باسنيوز
Top