تورکیا دیمەنی بۆردوومانی یەپەگەی بڵاوکردەوە
سوپای تورکیا رۆژی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکیدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 26 هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر 18 بنکە و بارەگای هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG لە سووریا ئەنجامداوە و دواتریش دیمەنی بۆردوومانەکەی بڵاو کردەوە.
سوپای تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە "لە هێرشە ئاسمانییەکانیاندا 160 بۆ 200 شەڕڤانی یەپەگەیان کوشتووە و هەروەها 9 باڵەخانە و ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش و چوار ئۆتۆمبێلی دیکەی یەپەگەیان تێکشکاندووە".
لە ئابی 2016 سوپای تورکیا بەئامانجی هاوکاریکردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چووەتە نێو خاکی سووریا و لەو وڵاتە چالاکی سەربازی ئەنجامدەدات.
راگەیێندراوەکەی سوپای تورکیا لەکاتێکدایە کە محەممەد عەبدولڕەزاق، ئەندامی ئەنجوومەنی باب بە میدیاکانی نزیک لە یەپەگەی راگەیاند، فڕۆکە جنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی ناوچەکانی ئوم حوش، ئوم قەرا و ئەلحاسییەی کردووە و لە ئاکامی لە بۆردومانەکەدا 10 شەڕڤان و 4 کەسی سڤیل شەهید بوون.
Rudaw-
