ئاك پارتی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیی دێنێته‌وه به‌رباس
هه‌فته‌ی رابردوو، ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی له گوتارێكیدا له‌ناو په‌رله‌مانی توركیا گوتی: "وڵات وا به‌ڕێوه ناچێت، پێویسه توركیا خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه به‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیی ده‌وێت یان په‌رله‌مانی؟ پێویسته ئاك پارتی پڕۆژه‌ی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بهێنێته په‌رله‌مان و ئه‌گه‌ر به كۆی 2 له‌سه‌ر 3 ده‌نگی ئه‌ندام په‌رله‌مانتاران تێپه‌ڕی، ئه‌وكات سیسته‌م ده‌بێته سه‌رۆكایه‌تی، گه‌ر واش نه‌بوو با بیخه‌ینه ریفراندۆمه‌وه و میلله‌ت چ بڕیارێكی دا رێزی لێ ده‌گرین".
بیناڵی یڵدرم، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا هه‌ر زوو وه‌ڵامی باخچه‌لیی دایه‌وه و سوپاسی كرد به‌وه‌ی پێشوازی له پڕۆژه‌ی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و گوتی: "ئێمه وه‌كو ئاك پارتی به زووترین كات پڕۆژه‌ی سیسته‌می په‌رله‌مانی ده‌هێنینه په‌رله‌مانه‌وه".
لای خۆیه‌وه سه‌لین بۆكه، وته‌بێژی جه‌هه‌په، ره‌خنه‌ی له سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی گرت و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌وان وه‌كو جه‌هه‌په به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و سیسته‌مه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵكو پشتگیری له به‌هێزكردنی سیسته‌می په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به گۆڕینی ده‌ستوور و هێنانی ده‌ستوورێكی گونجاو و مۆدێڕن.
بۆكه، وه‌كو توانجێك بۆ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی گوتی، بۆچی له‌م كاته‌دا سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیتان له‌ناو سه‌لاجه‌دا ده‌رهێناوه و ده‌تانه‌وێت بیهێننه‌وه به‌ر باس؟ ئه‌مه‌یش ده‌ری ده‌خات مه‌هه‌په و ئاك پارتی كاری ژێربه‌ژێریان كردووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، باخچه‌لی به ئاك پارتیی گوتووه له نووسینی ده‌ستووری تازه‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت توركیا ببێته توركیایه‌كی فیدراڵی، ئه‌وكات ئه‌وان پشتگیریی لێ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه له ده‌ستووری تازه‌دا رێگه بدرێت كورد به زمانی خۆی بخوێنێت.
پارتی دیموكراتی گه‌لان هه‌ده‌په، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دژی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تییه بۆ توركیا، به‌ڵام له‌ناو هه‌ده‌په‌دا چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێك هه‌ن پێیان باشه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و سیسته‌مه ره‌ت نه‌كرێته‌وه، به‌ڵكو گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن و بزانن له به‌رژه‌وه‌ندیی كورده یان دژی داخوازییهكانیهتی، ئه‌وكات بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر بده‌ن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی باسی لێوه ده‌كرێت، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، سه‌رۆكی زاندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان به هه‌ده‌په‌ی گوتووه هه‌ڵه‌تان كرد هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌بێ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه ببینن ره‌تتان كرده‌وه، ده‌بوایه سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی باش بخوێننه‌وه، ئه‌وكات بڕیاری كۆتایی له‌باره‌وه بده‌ن. نێوانی هه‌ده‌په و ئۆجه‌لانیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته تێكچووه.
عه‌بدولقادر سه‌لفی، رۆژنامه‌نووسی نزیك له ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، له وتارێكیدا كه له رۆژنامه‌ی (حورییه‌ت) بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی داوه به‌وه ره‌نگه بۆ ساڵی 2017 توركیا له سیسته‌می په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی بگۆڕدرێت.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سه‌لفی، ئاك پارتی خۆی ئاماده ده‌كات تا بتوانێت له 2017 ئه‌و بابه‌ته یه‌كلایی بكاته‌وه.
ئاك پارتی خاوه‌نی 316 كورسیی په‌رله‌مانییه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت پڕۆژه‌ی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بخاته ریفراندۆمه‌وه، پێویستی به 330 كورسیی په‌رله‌مانی هه‌یه، هه‌روه‌ها به تێپهڕینیشی له‌ناو په‌رله‌مان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ خه‌ڵك پێویستی به 367 ده‌نگ هه‌په.
ئاك پارتی خۆی ناخاته ناو ریسكێكی گه‌وره‌وه ئه‌گه‌ر نه‌زانێت 14 ده‌نگی ئۆپۆزسیۆنی له‌گه‌ڵدایه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ده‌ستوور بخاته ریفراندۆمه‌وه. چاودێرانی سیاسییش پێیان وایه مه‌هه‌په ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ ئاك پارتیدا رێك كه‌وتووه تا ده‌نگ به پڕۆهژهكه بده‌ن و ده‌ستوور بخه‌نه ریفراندۆمه‌وه، به مه‌رجێك له ده‌ستووردا فیدرالییه‌ت جێگیر نه‌كرێت.
رۆژنامه‌ی (فینانس تایم)، له‌باره‌ی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی له توركیا راپۆرتێكی وه‌شاندووه و ئاماژه ده‌دات، ئه‌ردۆگان بۆ ئه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی كه سه‌ركۆماره وه‌كو پۆستێكی سومبولی نه‌بێت، ده‌یه‌وێت سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی جێبه‌جێ بكات و هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له ده‌ستی خۆیدا بێت.
ئاكن ئونڤه‌ر، مامۆستای زانكۆ له زانكۆی (قادر هاس) له ئیسته‌نبۆڵ، له‌باره‌ی ریفراندۆم له‌سه‌ر سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بۆ (فینانس تایم) قسه‌ی كردووه و پێیوایه كه دوای هه‌وڵی كوده‌تای 15 تهمووز، ئه‌ردۆگان له رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه توانیویه‌تی ده‌نگه‌كانی به‌رز بكاته‌وه، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات له كاتی ریفراندۆم بۆ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بتوانێت ده‌نگی پێویست بهێنێت.
به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئاكن پێی وانییه سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بتوانێت ئارامی بۆ توركیا بگێڕێته‌وه، به‌ڵكو ره‌نگه توركیا بچێته قۆناغێكی دیكه‌ی دابه‌شبوون و توندوتیژی.
گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ده‌په له ده‌ستووری تازه‌ی توركیادا بتوانێت مافی كورد جێگیر بكات، وه‌كو خوێندن به زمانی دایك و دداننان به ناوی كورد له ده‌ستوور و هه‌روه‌ها هاوشێوه‌ی ئه‌ڵمانیا شاره‌كانی باكوور بتوانن خۆیان خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن، به‌ڵام سه‌ر به حكوومه‌تی ناوه‌ندیی توركیا بن، ئه‌وكات ئه‌گه‌ر سیسته‌م سه‌رۆكایه‌تی بێت یان په‌رله‌مانی هه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردا ده‌بێت.
باسنيوز
