پەرلەمانی شارەزایانی ئێران: دژی هەرچەشنە وتووێژێک لەگەڵ ئەمەریکاین

 پەرلەمانی شارەزایانی ئێران: دژی هەرچەشنە وتووێژێک لەگەڵ ئەمەریکاین
لیژنەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران لە لە نوێرتین هەڵوێستیاندا لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا، ڕایانگەیاندووە "دژەی هەرچەشنە دانوستانێکن لەگەڵ ئەمەریکا" و لەم بارەوە هۆشداریی توندیان داوەتە کابینەی ڕۆحانی.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی فارس، لیژنەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیان لەگەڵ سەرۆک کۆمیسۆنەکانی ئەو پەرلەمان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە تێیدا بە توندی هۆشدارییان داوەتە کابینەی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی و دژایەتیی خۆیان لەگەڵ هەرچەشنە وتووێژێک لەگەڵ ئەمەریکا ڕاگەیاندووە و دەڵێن"بێجگەلە پرسی ئەتۆمی دەبێ حکوومەتی هەموو ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا هەڵبوەشێنێتەوە و پێش بە زێدەخوازیی ڕۆژئاواییەکان بگرێت."

لەو بەیاننامەیەدا ڕەخنە لە "بەڵێن شكێنیی ئەمەریکا" لە بەرانبەر ڕێککەوتنی ناوکیدا گیراوە و داوایان کردووە کە حکوومەت و بەتایبەت وەزارەتی دەرەوە لەم بارەوە هەڵوێستی توندی لەدژی ئەمەریکا بگرێتەبەر.

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشتر چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ڤییەنا "بەڵێن شکێنیی ئەمەریکا"ی سەلماندووە و ئێران بێجگەلە پرسی ناوکی، لەگەڵ ئەمەریکا هیچ دانوستانێک ناکات.

عەلی سەعیدی نوێنەری خامنەیی لە سوپای پاسداران چەند ڕۆژە لەمەوبەر کابینەی حەسەن ڕۆحانی بەوە تاوانبار کرد کە لەڕێگەی ڕێکەوتنی ئەتۆمییەوە بەتەمای "پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا"یە، هەروەها دەیەوەی ڕێککەوتنی و دووەم و سێێەمی ناوکیشی لەگەڵ ببەستێت.














باسنيوز
Top