هاوپەیمانان كوژرانی‌ 18 سەرکردەی داعشیان راگه‌یاند

هاوپەیمانان كوژرانی‌ 18 سەرکردەی داعشیان راگه‌یاند
وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، لەمانگی رابردوودا به‌هۆی‌ بۆردومانی فڕۆکەکانیانه‌وه‌ 18 سەرکردەی داعش لەعێراق‌و سوریا كوژراون.

کۆلۆنێڵ جۆن دۆریان وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند تەنها لە 30 رۆژی رابردوودا بۆردومانەکانی هاوپەیمانان 18 سەرکردەی داعشیان لەعێراق‌و سوریا کوشتووە.


بەوتەی ئەو کۆلۆنێڵە، 13 لەو سەرکردانەی داعش کە کوژراون، بەشێک بوون لە تۆڕی پەیوەندیی هەوڵگریی سەربازیی ئەو رێکخراوە لە شاری موسڵی عێراق.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، لەناو ئەو سەرکردانەی داعشدا کە لەدوو رۆژی رابردوودا لە موسڵ کوژراون هەریەک لە عەبدولحەمید چیچانی، عەبدولجەبیر چیچانی، عەبدولرەحمان چیچانی هەبوون کە سەرجەمیان چەکداری چیچیانی ئەو رێکخراوەبوون‌و بەرپرس بوون لەرێکخستنی چەکدارەکانی داعش لەموسڵ.

هەروەها لەو بۆردومانانەی هاوپەیمانانداو لەناوەڕاستی مانگی رابردوو وەلید عادل حەسەن فەیاد، ناسراو بە د. وەلی وەزیری زانیاری داعش کرایە ئامانج کە یەکێکیش بووە لەئەندامانی شورای رێکخراوەکەو لەپێنج سەرکردەکەی داعش بووەو یاریدەدەری راستەوخۆی ئەبوبەکر بەغدادی بووە.

جگە لە بۆردومانی سەرکردەکانیان، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لەماوەی رابردوودا چەندین پێگەی ستراتیژی ئابوریی ‌و سەربازیی داعشیان وەک کێڵگەکانی نەوت‌و کارگەری دروستکردنی چەکی ئەو رێکخراوەیان بۆردومان کردوە.

هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی‌ داعش به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ 19 ی‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ 2014وه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشی‌ ئاسمانی‌ له‌دژی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌عیراق و سوریا.

ته‌نها له‌ساڵی رابردوودا په‌نجا هه‌زار هێرش كراوه‌ته‌سه‌ر داعش كه‌ زیاتر له‌ 30 هه‌زار بۆمب به‌كارهاتووه‌‌و زۆرینه‌ی هێرشه‌كان له‌خاكی عیراقدا بووه‌.







خه‌ندان
Top