دەیان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بۆ مەراسیمی ناشتنی پێرێز لە ئیسرائیلن

 دەیان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بۆ مەراسیمی ناشتنی پێرێز لە ئیسرائیلن
سەرکردەی دەیان وڵاتی جیهان و وڵاتانی عەرەبی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ناشتنی تەرمی شیمۆن پێرێز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی وڵاتەکەی، گەیشتنە ئیسرائیل.

میدیاکانی جیهان ئەوەشیان بڵاو کردووەتەوە کە لەنێو سەرکردەکاندا، مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستینیش ئامادەیە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2010ەوە پێی نەناوەتە ئیسرائیل.

مەحموود عەباس، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە ساڵی 1993دا، ڕێککەوتننامەی (ئۆسلۆ)ی واژوو کرد کە لە کاردانەوەکانی بەرامبەر ڕێککەوتننامەکە، شیمۆن پێرێز، خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی، بە هاوبەشی لەگەڵ (ئیسحاق ڕابین)ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یاسر عەرەفاتی سەرۆکی ئەوسای فەڵەستین، پێ بەخشرا.

تەرمی پێرێز، بۆ گۆڕستانێک لە چیای (هێرتزل) دەگوازرێتەوە و لە نزیک ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی ئیسرائیل دەنێژرێت.

لەو مەراسیمەدا، باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وتارێک پێشکەش دەکات، دواتریش بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.

جگە لە ئۆباما، هەریەک لە فرانسوا هۆلاند، سەرۆکی فەڕەنسا، فیلیپی شەشەمی پاشای ئیسپانیا، شازادە چارلزی شازادەی جێنشینی بەریتانیا و مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین، لەگەڵ نوێنەری سەرۆک و پاشای میسڕ و ئوردنیش بەشداری لە مەراسیمەکەدا دەکەن کە لە لایەن 8 هەزار کارمەندی پۆلیسەوە، پرۆسەی گواستنەوەکە دەپارێزرێت.

لە دوای تیرۆرکردنی ئیسحاق ڕابین لە ساڵی 1995ەوە کە ئەوسا مەراسیمێکی گەورەی بۆ کرا، پێشبینی دەکرێت، مەراسیمی ناشتنی پێرێز، گەورەترین ڕووداوی نێوخۆی ئیسرائیل بێت.











باسنيوز
Top