به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ PYDدا ڕ‌ژێمى سووریا به قورسایی زیاتره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه حه‌سه‌كه و قامشلۆ
به‌پێى زانیارییه رۆژنامه‌وانییه‌كان به نێوه‌ندگیریی حكوومه‌تی رووسیا، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان شاندێكی پارتى یه‌كێتیى دیمو‌كراتى PYD له رۆژئاوای كوردستان و حكوومه‌تی سووریا له بنكه‌ی سه‌ربازیی حه‌میم له باكووری سووریا، كه بنكه‌یه‌كی هێزه‌كانی رووسیای لێیه ئه‌نجام دراوه، ئامانجیش له كۆبوونه‌وه‌كه گه‌یاندنی هه‌ردوولا بووه به رێككه‌وتنێك.
ماڵپه‌ڕى RTى رووسیاش بڵاوی كردووه‌ته‌وه كه رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 21/9/2016 رووسیا نێوه‌ندگیریى رژێمى سووریا و PYDى كردووه له رۆژئاواى كوردستان تا بگه‌ن به رێككه‌وتنێكی هه‌میشه‌یی.
به‌پێى زانیاریى ماڵپه‌ڕه‌كه، لایه‌نه به‌شداره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه، جه‌ختیان له چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووریا كردووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش دووپات كراوه‌ته‌وه كه ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كان كار بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا بكه‌ن.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه ره‌وتێك به‌ناوى ئۆپۆزسیۆن له سووریا ئۆفیسى له شاره‌كانى رۆژئاواى كوردستان كردووه‌ته‌وه، كه به‌پێى زانیارییه‌كان ئه‌و ره‌وته پڕۆژه‌ى جیاوازى بۆ داهاتووى سووریا و شاره كوردستانییه‌كان هه‌یه.
به‌هجه‌ت به‌شیر، نوێنه‌رى حزبى دیمو‌كراتى كوردى سووریا له هه‌رێمى كوردستان راى گه‌یاند، له كاتى شه‌ڕى نێوان YPG و رژێمى سووریا، بوونى هێزه‌كانى به‌شار ئه‌سه‌د له هه‌ندێ ناوچه‌ى ئه‌منیى ئاسایی بووه، پێكدادانه‌كه ته‌نیا ئه‌و ناوچانه‌ى گرتووه‌ته‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى رژێمى ئه‌سه‌د و PYD یه‌كیان نه‌گرتووه‌ته‌وه، گوتیشى: "ئۆفیسى ئه‌منى كه به موره‌به‌عى ئه‌منى ناسراوه له حه‌سه‌كه و قامشلۆ و چه‌ند شارى دیكه‌ى سه‌ره‌كى بوونیان هه‌یه و ئێستا قه‌ره‌باڵغتر بوون و ئاڵاى سووریا و وێنه‌ى به‌شار ئه‌سه‌دیان له‌سه‌ر باره‌گاكانه، پێشبینى ده‌كرێ به رێككه‌وتنى ئێستایان له‌گه‌ڵ رژێمى ئه‌سه‌د قورسایی رژێمى سووریا له شاره‌كانى رۆژئاواى كوردستان زیاتریش بێت".
هێماى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، رژێمى سووریا و په‌یه‌ده له‌وه‌دا یه‌ك ئامانجن كه پارێزگارى له یه‌كپاچه‌یی سووریا بكه‌ن.
له‌باره‌ى كردنه‌وه‌ى ئۆفیسى ئه‌و ره‌وته نوێیه‌ى ئۆپۆزسیۆنیش له سووریا له شاره كوردستانییه‌كان، كاوه عه‌زیزى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانى سووریا راى گه‌یاند، ئه‌و ره‌وته به سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌حمه‌د جه‌ربا له عه‌شیره‌تى شه‌ممه‌رن و هه‌ندێ عه‌ره‌بى سووری دیكه‌ش له‌گه‌ڵیاندایه، گوتى: "ئامانجى سیاسى ئه‌و ره‌وته ئه‌وه‌یه كه هه‌ر سێ پارێزگاى سووریا حه‌سه‌كه و ره‌قه و دێره‌زوور وه‌كو هه‌رێمێك به‌ناوى جزیره به‌یه‌كه‌وه گرێ بده‌ن و یه‌ك ئیداره‌ى هاوبه‌شیان هه‌بێت".
راشى گه‌یاند، ئه‌و گرووپه تا ئێستا دۆستى باشوورى كوردستانن و هیچ دژایه‌تییه‌كیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى كورد نییه، به‌ڵام وا دیاره له‌گه‌ڵ PYD بۆ كردنه‌وه‌ى ئۆفیسه‌كانیان له رۆژئاواى كوردستان رێك كه‌وتوون.
باسنيوز
