ڕۆحانی: گۆڕانکاری لە سنوورەکان لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە
ڕوحانی لەو دانیشتنەدا پێداگرییەکی زۆری لەسەر هەبوونی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان ئێران و سووریا کرد.
ڕوحانی هەروەها باسی لە گرنگیی یەکپارچەیی خاکی سووریا کرد و گوتی: "یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی هەموو وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی سووریا وەک ڕێسایەکی سەرەکییە و گۆڕین و گۆڕانکاریی سنوورەکان بە قازانجی ناوچەکە و لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە."
ئەو لێدوانەی ڕوحانی لە کاتێکدا دێنە ئاراوە کە ئێران تا ئێستا چەندین جار دژایەتی خۆی لەگەڵ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور و دابەشبوونی عێراق ڕاگەیاندووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە خۆی دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی یەمەن، عێراق، سووریا و وڵاتانی دیکەی عەڕەبیدا دەکات.
ڕوحانی لەمەڕ شەڕی سووریا گوتی: "ئەمڕۆ شەڕێکی زۆردارانە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە کە پێبەندی هیچ ڕێسایەکی ئەخلاقی نین، بەسەر خەڵکی سووریادا سەپاوە و ئێمە دەبێ یارمەتیی خەڵکی سووریا لە بەربەرەکانی لەگەڵ تیرۆردا بدەین."
مەبەستی حەسەن ڕووحانی لە خەڵکی سووریا، ڕژیمی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانیەتی و لەو قسانەوە دەردەکەوێ کە ئەوان دژبەرانی ئەسەد بە خەڵکی سووریە نازانن.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی شەڕی 5 ساڵەی ناوخۆیی سووریا، چەندین گرووپی چەکداریی سەر بە سوپای قودسی لە سووریا جێگیر کردووە کە لە ناویاندا "فاتمیون و زەینەبیبون و …تاد کە بە پارێزەرانی حەرەم و ڕاوێژکارانی سەربازی ناویان دەبات، و تا ئێستا سەدان ئەندامی پلەبەرزی سپای تیرۆریستیی ئێران و ئەفغانیی ئەندامی ئەو سوپایە لە سووریا کوژراون.
باسنيوز
