لە فەرەنسا هاوشێوەی ئۆباما و پوتین پێشوازی لە بارزانی دەكرێت
کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، شەڕی داعش و ئایندەی هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی گفتوگۆی دوو لایەنە دەبن، لە شەڕی داعشدا فەرەنسا پشتیوانێکی بەهێزی پێشمەرگەیە، هاوکات وڵاتێکی چالاکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشدا.
ئاڵا شاڵی، نێردروای تۆڕی میدیایی رووداو بۆ پاریس رایگەیاند "ئەمە جاری سێیەمە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێتە پاریس و لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری فەرەنسا کۆدەبێتەوە، ئەوە ئاشکرایە فرانسوا ئۆلاند جگە لەوەی دۆستی كوردە، هاوکات هاوڕێی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە".
نێردراوی رووداو بۆ پاریس دەڵێت "سبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگاتە پاریس و هەمان رۆژ لەگەڵ وەزیری بەرگری فەرەنسا کۆدەبێتەوە، دواتریش لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی پاریس کۆدەبێتەوە و رۆژی پێنجشەممەش لەلایەن فرانسوا هۆلاند، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئەلیزێ پێشوازی لێدەکرێت و کۆدەبنەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکانی بۆ فەرەنسا، لەوکاتەوەی شەڕی داعش هەیە چەندین جار داوای هاوکاری کردووە، فەرەنساش هاوکاری بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
گرنگی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری فەرەنسا لەوەدایە، باس لە شەڕی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و چەند تەوەرێکی دیکە دەکرێت.
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی گرنگی ئەو سەردانەی بارزانی رایگەیاند "گرنگییەکەی لەوەدایە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر داوەتی فەرمی فرانسوا ئۆلاند سەردانی فەرەنسا دەكات، بۆ ئەوەی چاوی بە بەڕێز بارزانی بکەوێت و لە دوایین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش ئاگاداربێت".
عەلی دۆڵەمەڕی گوتی "لە دیدارەکەی نێوانیان باس لە پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و شەڕی موسڵ و دەرکردنی داعش بەتەواوەتی لە عێراق دەكرێت، لەگەڵ چەند مژارێکی دیکەی وەک ئاوەرەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا".
هەمیشە میدیاکانی فەرەنسا باس لەوە دەکەن کورد تاکە هێزە دژی داعش شەڕ دەکات، فەرەنساش دۆستی کوردە، بۆیە لەوبڕوایەدان سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای پشتیوانی و پاڵپشتی لە فەرەنسا بکات بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لە کوردستان.
لەمبارەیەوە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی "ئەوە هەمیشە باسکراوە، فەرەنسا بە ئاشکرا رێزی لە ئیرادەی گەلی کورد گرتووە، ئەو بڕیارەی گەلی کورد دەیدات، ئەو رێزی لێدەگرێت، ئەمەش خۆی لەخۆیدا دانپێدانانێکە بەو حاڵەتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە".
دۆڵەمەری گوتیشی "نابێت ئەوە لەبیر بکەین، هاتنی فرانسوا ئۆلاند وەک سەرۆکی دەوڵەتێکی زلهێزی دونیا بۆ هەرێمی کوردستان، بایەخدان و گرنگی پێدانە بە هەرێمی کوردستان و دانپێدانانێکی راستەوخۆیە بە هەرێمی کوردستان، فەرەنسا یەکەمین وڵاتە لە هەموو رووێکەوە وەک وڵاتێکی ئەوروپی گرنگی بە هەرێمی کوردستان داوە، لەڕووی سەربازی و دیپلۆماسی و کولتووریییەوە".
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا زیاتر گوتیشی "سبەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارەگای شارەوانی پاریس بە فەرمی پێشوازی لێدەکرێت، کە زۆربەی سەرۆکەکانی دونیا وەکو باراک ئۆباما و پوتین و شازادەی بەریتانیا و ئەوانی دیکە پێشوازییان لێدەکرێت، ئەمەش گرنگی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان دەبێت لە بواری نێودەوڵەتیدا".
RUDAW -
