کلینتۆن داوا دەکات کە گەمارۆکانی سەر ئێران درێژ بکرێنەوە
بەپێی ڕاپۆرتی بلاڤۆکی "هیڵ" کۆنگرەی ئەمەریکا باسی لەوە کردووە کە هیلاری کلینتۆن لە بانگەوازێکدا داوای لە دیموکراتەکانی پێشەنگی سێنای ئەمەریکا کردووە کە پشتیوانی لە یاسای درێژکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران بکەن.
کلینتۆن لەو بانگەوازەدا باسی لەوە کردووە له ڕێگەی پشتیوانی لە یاسای دریژکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران پێش لە هەڵسوکەوتی دەستدرێژکارانەی ئەو ڕێژیمە بگیردرێت.
جێسی لریچ گوتەبێژی هیلاری کلینتۆن لە بەیانامەیەکدا باسی لەوە کردووە کە: "هیلاری کلینتۆن پشتیوانی لە یاسای درێژکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ئێران دەکات و باوەڕی وایه کۆنگرەی ئەمەریکا دەبی ئەو گەڵاڵەیە بەپەلە تاوتوێ بکات".
هیلاری کلینتۆن بەربژیری دیموکراتەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ لە ئەمەریکایە و لە بەرانبەر دۆنالد ترامپدا بەربژێری کۆماریخوازەکان بۆ وەدەستهێنانی پۆستی سەرکۆماری کێبڕکێ دەکەن.
بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بەردەوام باس لە پەسندکردنی گەمارۆی ئابووریی زیاتر دژی ڕێژیمی ئێران دەکەن، چونکە بوونی پارە لەدەست ڕێژیمی ئێراندا بە مەترسییەک بۆ ئەمنیەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ناوچەکە و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان وەسف دەکەن.
لە سالی 2009ی زایینیەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدژی ئێران پەسند کراون، ژمارەیەکی زۆر لە کەس، کۆمپانی و ئەو دامەزراوانەی هەوڵی یارمەتیدان بە رێژیمی ئێران و دەورلێدانی گەمارۆکانیان داوە؛ لەلایەن ئەمەریکاوە دەستنیشان و سزا دراون.
باسنيوز
