دادوەرێک ئامادەیە بچێتە کامپ و رەگەزنامەکەی بداتە کۆچبەرێک

دادوەرێک ئامادەیە بچێتە کامپ و رەگەزنامەکەی بداتە کۆچبەرێک
دادوەرێکی ئوسترالی ئامادەیە تەواوی ژیانی لە کەمپێکدا بەسەر ببات، لەبەرامبەردا پەنابەرێک مافی پەنابەریێتی پێبدرێت لە وڵاتەکەیدا.

جیم ماکێن، دادوەری خانەنشینکراو کە تەمەنی 88 ساڵە، نامەیەکی بۆ وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا ناردووە، لە نامەکەیدا داوای کردووە مافی پەنابەریێتی بدرێت بە کۆچبەرێک لە کەمپەکاندا و ئەو لە شوێنی ئەو کۆچبەرەدا بچێتە کەمپەکە و تەواوی ژیانی لە کەمپدا بەسەر ببات.

لە لێدوانێکیدا بۆ راگەیاندەکانی ئەو وڵاتە، جیم مەکێن گوتی " دەزانم داواکارییەکەم کەمێک نامۆ و سەیرە، بەڵام ئامادەیی تەواوی خۆم بۆ وەزیری ناوخۆ نیشانداوە و رازیم ئەو کارە بکەم".

لە نامەکەیدا کە میدیاکانی ئوسترالیا بڵاویانکردووەتەوە، جیم مەکێن نووسیویەتی:" هۆکاری ئەو داواکارییەم زۆر سادە و روونە، من ناتوانم بێدەنگ بم بەرامبەر ئەو بارودۆخە خراپەی کۆچبەران تێیدا دەژین لە کەمپەکاندا".

هەروەها نووسیویەتی " لەوەش خراپتر ئەوەیە، حکومەت بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەیەوێت ئەو کۆچبەرانە ناچار بکات بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان و داوای مافی پەنابەریەتی لە ئوسترالیا نەکەن".

بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی روو لە ئوسترالیا دەکەن، حکومەتی ئەو وڵاتە چەند کامپێکی لە دوورگە و سەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە کردووەتەوە و، کۆچبەران لەو کامپانەدا نیشتەجێدەکات، ئەمەش کاردانەوەی بەشێک لە خەڵک و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە.




rudaw
Top