رۆژێکی مێژووییە بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و دارشتنەوەی سەنگەری پاراستنی کوردستان
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گەورە و مێژوویی بەرەو ئایندەیەکی گەشتر هەڵگر، لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی ڕاستەوخۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکومەت و نوێنەری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکگرتنەوەی فەرمیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیەندرا.
ئەم بڕیارە مێژوویییە، وەرچەرخانێکی ستراتیژییە لە مێژووی هاوچەرخی گەلەکەماندا و دڵخۆشییەکی بێسنووری خستە دڵی سەرجەم کورد و کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
مێژووی هێزی پێشمەرگە، مێژووی خەبات، قوربانیدان و پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیەک بووە کە ڕەتی کردۆتەوە لە ئاست زولم و زۆرداریدا سەربنەوێنێت. پێشمەرگە هەمیشە سەنگەری یەکەمی بەرگری بووە لە ئازادی، و لە درێژایی دەیەکانی ڕابردوودا بە خوێنی خۆی سنوورەکانی نیشتمانی نەخشاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخستنەوە و یەکخستنی ئەم هێزە لە ژێر یەک چەتری نیشتمانی و سەربازیی بێلایەندا، داواکارییەکی مێژوویی و لەپێشینەی خەڵکی کوردستان بوو. ئەمڕۆ ئەو خەونە بووە راستەقینە؛ هێزێک کە بە بیروباوەڕی نیشتمانی گۆش دەکرێت و تەنیا وەک پارێزەری خاکی کوردستان و دەستکەوتە دەستوورییەکانی دەمێنێتەوە.
ئەم دەستکەوتە تەنیا هەنگاوێکی ڕێکخراوەیی سەربازی نییە، بەڵکو پەیامێکی ڕوون و بەهێزە بەرامبەر بە هەموو ئەو ئاڵەنگارییەی ڕووبەڕووی هەرێمەکەمان دەبنەوە. لە لایەکەوە، دڵنیایی دەبەخشێتە هاووڵاتییانی کوردستان کە ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمان لە دەستێکی ئەمین و یەکگرتوودایە؛ لە لایەکی ترەوە، ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ دۆستان و دوژمنان کە کوردستانییان لە کاتە یەکلاکەرەوەکاندا توانای ئیرادە و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانیان هەیە. ئامادەبوونی نوێنەری بەغداش لەم ڕێوڕەسمەدا، ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانیی سەرانسەری عێراق و هاوئاهەنگیی زیاتری سەربازی.
یەکگرتنەوەی پێشمەرگە، بازدانێکی مەزنە بەرەو بەدامەزراوەییکردنی تەواوەتیی دامودەزگاکانی هەرێم. هێزێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕی کوردپەروەری و پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیاندایە، ئێستا بە یەک فەرماندەیی، یەک بەرنامە و یەک ئامانج کار دەکات. ئەمە تەنیا سەرکەوتنی ئەمرۆ نییە، بەڵکو زامنی مانەوە، سەربەرزی و ئاسوودەیی نەوەکانی داهاتووشمانە.
با ئەم ڕۆژە ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە تەبا و یەکگرتوویی گشتگیر لە سەرتاسەری کوردستاندا. تا پێشمەرگە یەکگرتوو و بەهێز بێت، ئاڵای کوردستان هەمیشە بە شەکاوەیی و سەربەرزی لە ئاسۆدا دەمێنێتەوە.

دڵشاد ھەرکی