١١ی ئەیلوول… شۆڕشێک کە پرسی کوردی کردە واقیعێکی سیاسی.

١١ی ئەیلوول… شۆڕشێک کە پرسی کوردی کردە واقیعێکی سیاسی.



هەموو ساڵێک، لە ساتی یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی مێژووی نوێی گەلی کورد لە عێراق دەێتەوە بیرمان.
بەڵام یادکردنەوەی شۆڕش نابێت تەنها بۆ دووبارەکردنەوەی ناوی شەڕ و ساڵەکان بێت، بەڵکوو دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ وەستان لەسەر مانای ڕاستەقینەی شۆڕشێک کە لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ بەرپا بوو، و بۆ ساڵانێکی درێژ بەردەوام بوو و کاریگەرییەکی قووڵی لە مێژووی عێراق و پرسی کورددا جێ هێشت.
شۆڕشی ئەیلوول تەنها پێکدادانێکی سەربازی لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق نەبوو، بەڵکو ئەو شۆڕشە دەربڕینی ئیرادەی گەلێک بوو کە داوای مافە نەتەوەیی و سیاسی و کەلتوورییەکانی دەکرد و ڕەتیدەکردەوە ناسنامە و مافەکانی ببنە بابەتی پشتگوێخستن یان سڕینەوە.
لەبەر ئەمە، باسکردن لە شۆڕشی ئەیلوول، باسکردنە لە قۆناغێکی تەواو لە مێژووی گەلی کورد، قۆناغێک کە تێیدا خەباتی سیاسی لەگەڵ بەرخودانی چەکدارانە تێکەڵ بوو، و گەل و پێشمەرگە بارگرانییەکانی جەنگ و ئاوارەیی هەڵگرت، بۆ کەیسێک کە لە ساتێکی سیاسیی دیاریکراودا نەهاتووە ئاراوە، بەڵکوو درێژکراوەی دەیان ساڵ داواکاریی بۆ مافەکان بوو.
شۆڕشێک کە واقعێکی نوێی دروست کرد
کاتێک شۆڕش لە ساڵی ١٩٦١ دەستی پێکرد، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە زۆر ئاڵۆز بوو، پرسی کورد گەیشتبووە قۆناغێک کە چیتر نەدەکرا داواکارییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد پشتگوێ بخرێن.
مەلا مستەفا بارزانی نەمر سەرکردایەتیی شۆڕشی کرد و شاخەکانی کوردستان بوونە مەیدانی خۆڕاگری و بەرخودان، هێزی شۆڕش تەنها لە چەکدا نەبوو، بەڵکوو لە توانای بەردەوامبوونیدا بوو، سەرەڕای هێرشە سەربازییە دووبارەکان و فشارە زۆرەکان، و لە پشتیوانیی بەشێکی فراوانی گەل لە شۆڕش.
ساڵانی سەرەتایی شۆڕش سەلماندی کە پرسی کورد کێشەی گرووپێک لە جەگدار نییە کە بتوانرێت بە هێرشێکی سەربازی کۆتایی پێ بهێنرێت، بەڵکوو کێشەی گەلێکە کە خواست و ماف و داواکاریی سیاسیی ڕوونی هەیە، لێرەدا یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی شۆڕشی ئەیلوول دەردەکەوێت.
شۆڕش پرسی کوردی لە بازنەی داواکارییەکانی پشتگوێخراوەوە هێنایە ناو دڵی هاوکێشەی سیاسیی عێراق و کردییە بابەتێکی سەرەکی لە پڕۆسەی سیاسیی وڵات.


لە شاخەوە بۆ سەر مێزی دانوساندن
شۆڕش سەرەڕای گۆڕانی حکومەتەکان لە بەغدا بەردەوام بوو، قۆناغەکانی جەنگ و ئاگربەست و دانوساندن یەک لە دوای یەک هاتن، بەڵام پرسی کورد هەر لە ئارادا مایەوە.
لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵان، ڕوونتر بووەوە کە چارەسەری سەربازی ناتوانێت کۆتایی بە شۆڕش بهێنێت، لە هەمان کاتدا، بۆ ڕێبەرایەتیی کوردی ڕوون بوو کە بەدەستهێنانی مافەکان پێویستی بە گۆڕینی هێزی خەبات بۆ دەستکەوتێکی سیاسی هەیە.
گرنگیی ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ دەردەکەوێت.
ئەم ڕێککەوتنە ڕووداوێکی جیا لە شۆڕشی ئەیلوول نەبوو، بەڵکوو یەکێک بوو لە گرنگترین ئەنجامە سیاسییەکانی ئەو شۆڕش و خەباتە، ساڵانی شۆڕش حکومەتی عێراقی ناچار کرد لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بە هێزی سەربازییەوە بگوازێتەوە بۆ داننان بە پێویستیی چارەسەرێکی سیاسی.
لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠دا ڕێککەوتنێکی مێژوویی بەدەستهات کە لەخۆگرتنی مافە نەتەوەیی و سیاسی و کەلتوورییەکانی گەلی کورد و بنەمای خودبەڕێوەبەرێتی لە چوارچێوەی عێراقدا بوو.
لێرەدا دەتوانین بە ڕوونی بڵێین:
١١ ی ئادار بەرهەمی سیاسیی و تێکۆشان و خەباتی ئەیلوول بوو، چونکە مافەکان هەمیشە بە یەکجار بەدەست نایەن، بەڵکوو لە ئەنجامی درێژەی خەبات و قوربانی و خۆڕاگری دروست دەبن و کاتێک بارودۆخی گونجاو پەیدا دەبێت، دەگۆڕێن بۆ دەستکەوتی سیاسی.
شۆڕشی ئەیلوول چیی بەجێ هێشت؟ لە یادەوەریی شۆڕشدا، لەوانەیە گرنگترین پرسیار ئەمە بێت:
ئەیلوول چیی بۆ ئێمە بەجێ هێشت؟ زۆر شتی بەجێ هێشت.
بیرۆکەی ئەوەی کە گەلی کورد مافی ئەوەی هەیە ناسنامە و مافە سیاسی و نەتەوەیی و کەلتوورییەکانی بناسرێت.
ئەزموونی پێشمەرگەی بەجێ هێشت کە بووەتە بەشێک لە مێژووی نیشتیمانیی کورد.
یادەوەریی ئەو گوندانەی بەجێ هێشت کە جەنگ و ئاوارەیی و بۆردوومان و وێرانییان بەسەر هات.
ناوی هەزاران شەهیدی بەجێ هێشت کە بەدوای شکۆی کەسی نەدەگەڕان، بەڵکوو ژیانیان بوو بە نرخێک بۆ ئەو کەیسەی باوەڕیان پێی هەبوو.
هەروەها ئەزموونێکی سیاسی بەجێ هێشت کە سەلماندی پرسی کورد بە هێز ناتوانرێت چارەسەر بکرێت.
بەڵام لەوانەیە گەورەترین میراتی شۆڕشی ئەیلوول ئەو باوەڕە بێت کە:
ماف پێویستی بە خەبات هەیە، خەبات پێویستی بە یەکڕیزی هەیە، و یەکڕیزی پێویستی بە ڕێبەرایەتییەکی هەیە کە بتوانێت قوربانییەکان بگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی.
شۆڕشی ئەیلوول… یادەوەری و بەرپرسیارێتی
دوای زیاتر لە شەش دەیە لە دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول، نابێت تەنها بە چاوی ڕابردوو سەیری بکەین.
یادەوەریی مێژوویی تەنها بۆ ڕێزگرتن لە ڕابردوو نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکە بەرامبەر داهاتوو.
ئەگەر نەوەکانی ئەیلوول قوربانییان بۆ مافەکان داوە، بەرپرسیارێتیی نەوەکانی ئەمڕۆیە کە ئەو مافانە بپارێزن و بە ئامرازە سیاسی و دەستوورییەکان پەرەیان پێ بدەن، و ڕێگە نەدەن ناکۆکییە ناوخۆییەکان ببنە هۆی لاوازکردنی ئەوەی کە لە ماوەی دەیان ساڵدا بەدەست هاتووە، ئەیلوول فێری کردین کە دابەشبوون ئەزموونەکەمان لاواز دەکات و یەکڕیزیی ڕیزەکان هێزی زیاتر پێ دەبەخشێت.
هەروەها فێری کردین کە هێزی گەل تەنها لە چەکدا نییە، بەڵکوو لە توانای پاراستنی پڕۆژەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیدایە، هەروەها فێری کردین کە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر نابێت لەسەر بنەمای هێز یان زاڵ و مەغلوب دامەزرێت، بەڵکوو دەبێت لەسەر دەستوور، هاوبەشی و داننان بە یەکتردا بێت.
ئەیلوول لە یادەوەریی نەوەکاندا
یادەوەریی شۆڕشی ئەیلوول تەنها یادەوەریی ساڵی ١٩٦١ نییە.
ئەوە یادەوەریی نەوەیەکی تەواوە کە جەنگ و ئاوارەیی و شاخی بینیوە، یادەوەریی ئەو خێزانانەیە کە کوڕ و کەسوکاریان بوونە قوربانی، یادەوەریی ئەو گوندانەیە کە وێران کراون، و یادەوەریی ئەو پێشمەرگانەیە کە چەکیان هەڵگرت بۆ کەیسێک کە باوەڕیان پێی هەبوو.
لەبەر ئەمە، ئەرکی ئێمە بەرامبەر ئەیلوول تەنها یادکردنەوەی نییە، بەڵکوو خوێندنەوەیەکی هۆشیارانەیە.
شۆڕشی ئەیلوول خاڵی وەرچەرخانێک بوو لە مێژووی کورد و عێراق.
شۆڕش بوونی سیاسیی کوردی دروست کرد، خۆڕاگری هاوکێشەی هێزی گۆڕی، و سیاسەت ئەو هێزەی گۆڕی بۆ داننان و دەستکەوتی سیاسی، و ڕێککەوتنی ١١ی ئادار یەکێک بوو لە گرنگترین بەرهەمەکانی ئەو ڕێگایە.
ئەمڕۆ، کاتێک یادی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە، باشترین ڕێزگرتن لەو کەسانەی قوربانییان داوە، تەنها دووبارەکردنەوەی دروشم نییە، بەڵکوو پاراستنی یەکڕیزی، پاراستنی مافەکان، بەهێزکردنی دامەزراوەکان، پابەندبوون بە گفتوگۆ و دەستوور.
شۆڕشی ئەیلوول لە شاخەکانی کوردستانەوە دەستی پێکرد، بەڵام کاریگەرییەکەی لە سنووری شاخ تێپەڕی.
لەبەر ئەمە، پەیامەکەی هێشتا ئامادەیە:
ئەوەی بە قوربانی دروست هاتووە، نابێت بە ناکۆکی لەدەست بچێت، و ئەوەی بە دەیان ساڵ خەبات بەدەست هاتووە، دەبێت ببێتە بەرپرسیارێتییەک کە نەوەکان بیپارێزن.
ئەیلوول لە یادەوەریی کورددا دەمێنێتەوە، نەک تەنها وەک لاپەڕەیەک لە ڕابردوو، بەڵکوو وەک قۆناغێک کە هۆشیارییەکی نوێی سیاسیی دروست کرد و ڕاستییەکی گرنگی سەلماند کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت:
پرسی کورد بە هێز چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو بە داننان، دادپەروەری، هاوبەشی و مافەکان چارەسەر دەکرێت.

Top