داڕمانی کایەی گشتی؛ لە شکۆی فکره‌وه‌ بۆ زەلکاوی ململانێی ڕووشێنەر

داڕمانی کایەی گشتی؛ لە شکۆی فکره‌وه‌ بۆ زەلکاوی ململانێی ڕووشێنەر


لە هیچ سەردەمێکدا وەک ئەمڕۆ، کایەی گشتیی کۆمەڵگە تووشی ئەم هەموو تێکچوونی هاوسەنگی و پاشگەزبوونەوەیە لە بەها ئەخلاقییەکان نەبووەتەوە. ئەو کایەیەی کە دەبوو ناوەندی پەروەردەکردنی هۆشیاری، هونەر، فكر و پاراستنی سەنگەرە کۆمەڵایەتییەکان بێت، ئێستا بووەتە گۆڕەپانی دابەزینی ئاستی ئاخاوتن و لێڵبوونی سنووری نێوان «ئەرک» و «پاشاگەردانی». کاتێک نوخبە و خاوەن سەکۆکان واز لە پەیامی فکری دەهێنن و پەنا بۆ لێدوانی ڕووشێنەر و شەڕی شەخسی دەبەن، ئیتر نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگە نەک هەر لە قەیرانی مەعریفیدایە، بەڵکو لە داڕمانی بەها بنەڕەتییەکاندایە.
١. شەڕ و جنێودان لەنێوان ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەگەریی مایک بەدەست
گەورەترین قەیرانی فکری و ئەخلاقی کاتێک بەرجەستە دەبێت کە سنووری نێوان پێگەی فکری و پیشەییبوون بەتەواوی دەکەوێت. کاتێک ڕۆشنبیر و نووسەر لەبری بەرهەمهێنانی مەعریفە و هۆشیاری، پێگەی فکریی خۆی دەداتە دەست هەڵچوونی دەروونی و دەبێتە سەرچاوەی سووکایەتی و بێڕێزیکردن، لەبەرامبەریشدا ڕۆژنامەگەریی مایک بەدەست لەبری پاراستنی بێلایەنی و ئیتیکی کارکردن، دەکەوێتە زەلکاوی وەڵامدانەوەی زبر و دەمەقاڵێی کۆڵان؛ ئیتر جەوهەری ڕاستییەکان لەناو دەچێت. ئەم لێکترازانە نێوان مایک و فکر، ململانێیەک دروستدەکات کە تێیدا نەک هەر دادپەروەری و سەنگەری ڕۆشنبیری دەدۆڕێنرێت، بەڵکو دەسەڵاتی چوارەمیش لە چاودێرێکی بەئاگا دەگوێزێتەوە بۆ ئامرازێکی تری پاشاگەردانیی شەقام.
٢. هونەر وەک کاڵا؛ بەرژەوەندی لەبەرامبەر ڕابردوودا
دیاردەیەکی تری ئەم داڕمانە لە کایەی هونەریدا بەرجەستە دەبێت؛ کاتێک هونەرمەند لە قۆناغی تواناسازی یان سەرمایەداربوونی ماددیدا، پشت لەو ژینگەیە دەکات کە لەسەری گەشەی کردووە، یان دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ ئەو کەسانەی پێشتر تەواوکاری بەرهەمەکانی بوون. هونەر کاتێک جەوهەری خۆی لەدەست دەدات کە لە پەیامێکی ڕۆحی و کۆمەڵایەتییەوە دەبێتە ئامرازێکی خۆپەرستانە بۆ ململانێ و باڵادەستبوونی ئابووری.
٣. پیشەییبوون یان لەشفرۆشیی پەردەپۆشکراو؟
تێکەڵبوونی کایەی مۆدێلینگ و ناوبانگی ناو سۆشیال میدیا لەگەڵ بەلاڕێدادان و بازرگانیکردن بە جەستە، قەیرانێکی تری سەردەمەکەیە. کاتێک ناوێک یان نازناوێک وەک دەمامکێک بۆ پەردەپۆشکردنی کارێک لەدەرەوەی ئیتیک و بەهاکان بەکاردەهێنرێت، زیانی یەکەم بەر خودی ئەو پیشەیە و بەرامبەر ئەو کەسانە دەکەوێت کە بەڕاستی و بە شێوازێکی پرۆفێشناڵ کاردەکەن. بێدەنگبوونی کۆمەڵگە لە بەرامبەر ئەم شێواندنەدا، سەرەنجام سنووری نێوان «ئازادیی کار» و «بازرگانیکردن بە بەهاکان» لەناو دەبات.
٤. هێزی ساختە و پاشاگەردانیی بازاڕ
لە کۆتاییدا، دەرکەوتنی ئەو کەسایەتییانەی بە پشت بەستن بە هێزی پەراوێزی، بەرژەوەندیی مادی یان ڕێکخستنی عەشایەری، بەرهەمی ساختە بە خەڵک دەفۆڕشن و هەڕەشە لە دەزگا و خەڵک دەکەن، بەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سستبوونی سەروەریی یاسا و هۆشیاریی گشتییە. تەسلیمبوون بەم فۆڕمە لە دەسەڵاتی ساختە، ژینگەیەک دەخولقێنێت کە تێیدا ساختەکاری دەبێتە سەرمایە و هەڕەشەکردن دەبێتە ئامرازی بەرگری!
ئەنجامگیر: شکاندنی شاشەکان چارەسەر نیە
پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئایا داخستنی کەناڵێک، بێدەنگکردنی شاشەیەک یان سڕینەوەی پۆستێک چارەسەری ناوەڕۆکی ئەم نەخۆشییانە دەکات؟
وەڵامەکە نەخێرە. داخستنی شاشەکان تەنها پەردەپۆشکردنی سیمای واقعی قەیرانەکەیە. ئێمە لەبەردەم داڕمانی ڕێژەییی بەهاکانداین لە کایەی گشتیدا. چارەسەر لە بێدەنگکردندا نییە، بەڵکو لە گەڕاندنەوەی سنوورەکانی ئەخلاقی پیشەیی، گەشەپێدانی زانست و سەروەریی یاسادایە، تاوەکو جارێکی تر فەوزا و ساختەکاری نەبنە پێوەری سەرکەوتن لە کۆمەڵگەدا.

 

Top