دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل سەریان سوڕما لە خێرایی ئاوەدانکردنەوەی دەسەڵاتی سەربازی ئێران

دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل سەریان سوڕما لە خێرایی ئاوەدانکردنەوەی دەسەڵاتی سەربازی ئێران

 

 

میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە سوپا و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە سەریان سوڕماوە و نیگەرانن لە خێرایی بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی ئێران.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپای ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری بیانی ئەو وڵاتە، مۆساد، خێرایی ئاوەدانکردنەوەی سەربازیی ئێران لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە ساڵی 2026 بە زۆر زیاتر لە پێشبینییە سەرەتاییەکان هەڵدەسەنگێنن و بە تایبەتیش گەڕانەوەی خێرای توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ ئیسرائیل دەزانن.

ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست" بە پشتبەستن بە کاربەدەستانی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: کە تەلئەبیب نیگەرانە لە توانای تاران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی توانای بەرهەمهێنانی مووشەک و سیستەمی چەکی ستراتیژی دیکە دوای هێرشەکانی سەر پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئێران.

بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، ئێران سەرەڕای زیانی زۆر لە کاتی شەڕدا، ڕێگەی چاوەڕواننەکراوی بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە توانا سەربازییەکانی دۆزیوەتەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای هێرشەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و پەیوەندیدارەکانی ئێران بە مووشەک، ئیسرائیل مەزەندەی کردووە کە بەرنامەی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی تاران لانیکەم ساڵێک دواکەوتووە.

هەروەها دوای هێرشەکانی ساڵی ٢٠٢٥، هەڵسەنگاندنی ئیسرائیل ئەوە بوو کە توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران چەند ساڵێک دواكەوتووە.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران توانیویەتی خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا چالاکییەکانی بەرهەمهێنانی خۆی زیندوو بکاتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە ڕاپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو، کۆگای مووشەکی بالیستی ئێران کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥دا بە نزیکەی هەزار و ٣٠٠ مووشەک مەزەندە کرابوو، تا مانگی شوباتی ٢٠٢٦ بۆ نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مووشەک بەرزبووەتەوە.

ئەم پێشهاتە، بەگوێرەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، تەرکیزی هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی تەلئەبیبی گۆڕیوە، بەجۆرێک کە پرسی سەرەکی چیتر تەنها ژمارەی ئەو مووشەکانەی ئێران لەدوای جەنگ بەجێی هێشتووە، بەڵکوو خێرایی گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی نوێیە.

ڕاپۆرتەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر ئێران جارێکی دیکە توانای بەرهەمهێنانی مانگانەی نزیکەی 100 بۆ 300 مووشەکی بالیستی بەدەستبهێنێت، ئەوا دەتوانێت کۆگای مووشەکەکانی لە ئاستێک نزیک بکاتەوە کە پێش هێرشەکانی ساڵی 2025 هەیبوو تا سەرەتای ساڵی 2027 یان ناوەڕاستی ساڵی 2027.

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top