مۆدێلی حکومڕانی لە ڕێبازی بارزانیدا.

مۆدێلی حکومڕانی لە ڕێبازی بارزانیدا.

 

لە ئەدەبیاتی سیاسی و زانستی بەڕێوەبردندا، لایەنە سیاسییەکان بەردەوام لە نێوان دابینکردنی سەقامگیریی ئەمنی یان بەدیهێنانی گەشەپێدانی کارگێڕیدا دەخولێنەوە ، بەڵام ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا لەژێر چەتری سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبازی بارزانیدا، مۆدێلێکی دەگمەنی لە یەکگرتنی سەقامگیریی ئاسایش، ئیرادەی بونیادنان و بەردەوامیی دامەزراوەیی بەرجەستە کردووە. ئەم مۆدێلە توانیویەتی فەلسەفەی نەتەوەیی بارزانی لەگەڵ تەکنیکە هاوچەرخەکانی دەوڵەتداری و بەڕێوەبردن ئاوێتە بکات.

بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنی ئەم سیستەمە لەوەوە دەست پێ دەکات کە ئاسایش و سەقامگیری وەک مەرجی پێشوەختەی هەر جۆرە پەرەپێدانێک سەیر کراوە. لە ڕێگەی دیسپلینێکی ئاسایش و سەربازیی بەهێزەوە، ژینگەیەکی سەقامگیری دابین کردووە کە بووەتە هۆی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری و دروستکردنی متمانە لای بازاڕ و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، بە جۆرێک هەولێر و زۆنی ژێر دەسەڵاتی پارتی بوونەتە ناوەندێکی ئارام لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا.
لە پاڵ ئەمەدا، بونیادنانی سەرکردایەتییەکی ناوەندیی بەهێز ڕێگەی داوە بەردەوامیی ستراتیژی لە جێبەجێکردنی پڕۆژە نەتەوەیی و ژێرخانییەکاندا بپارێزرێت و هیچ قەیرانێک نەبێتە هۆی وەستاندنی چەرخی ئاوەدانی.

لەلایەکی ترەوە، حوکمڕانیی پارتی توانایەکی بەرزی لە وەرچەرخان لە خەباتی شۆڕشی رزگاریخوازییەوە بەرەو دەوڵەتداریی تەکنۆکرات و دیجیتاڵی نیشان داوە. بەتایبەت لەم قۆناغەی دواییدا لە ڕێگەی بنەماکانی شەفافییەت، بەبانکیکردنی مووچە و نەهێشتنی بیرۆکراسیی کۆنەوە، هەروەها روونیی گوتاری نەتەوەیی و پاراستنی سەروەریی هەرێم وەک هێڵی سوور، پێگەیەکی بەهێزی بە بڕیاری سیاسیی هەرێم بەخشیوە لە دانوستانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا.

بەپێی شیکارییە سیاسییەکان، سەرکەوتنی مۆدێلی حوکمڕانی لەژێر چەتری پارتی و ڕێبازی بارزانیدا بەرهەمی یەکگرتنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئیرادەی سیاسیی بەهێز بۆ چاکسازی و نوێبوونەوەی بەردەوامی کارگێڕییە، کە توانیویەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوچەکەدا بە سەربەرز و پێشەنگ بهێڵێتەوە.

 

Top