پێشمەرگە.. پارێزەری گەل و نیشتمان
پێشمەرگە ئەو مرۆڤە مەزن و گیانفیدا خۆنەویستەیە کە بەنرخترین و بەبەهاترین سەروەتی خۆی کە خوێنی گەش و گوڵڕەنگیەتی، لەپێناو گەل و شکۆمەندیی نیشتماندا دەیبەخشێت. ئەگەر هەر لە ناوەکەیەوە دەست پێبکەین کە وشەیەکی لێکدراوی کوردیی ڕەسەنە، تێدەگەین کە پێشمەرگە چەندە مرۆڤێکی گەورەیە.
وەک گوتمان وشەیەکی لێکدراوە و پێکهاتووە لە پێش و مەرگ، واتا ئەو کەسەی ناسناوی پێشمەرگەی بەبەرا دەکرێت، مەرگی خۆی لەپێش خۆیەوە دادەنێت و سڵ لە مەرگ ناکاتەوە. کاتێ دەبێتە پێشمەرگە و پارێزەری گەل و نیشتمانەکەی، مەرگ بە شتێکی ئاسایی دەچوێنێت و بەر لە هەموو شتێک گیانی خۆی ئەسپاردە دەکات.
وەک دەبینین پێشمەرگەی کوردستان لەبەرامبەر دوژمنان و داگیرکارانی خاکی کوردستان، شەهیدبوونیان کردووەتە ناسنامە و جێگای شانازی و بۆ گەلەکەمانیش بوونەتە سمبول و شانازی.
لە ماوەی رابردوودا خوێنی سوورئاڵی چەند قارەمانێک، چەند پێشمەرگەی گیانفیدای گەلەکەمان، خەمی بە باڵای هەمواندا بڕی و ئازاریان خستە دڵمانەوە، ئەو پێشمەرگانەی بە خوێنی سووری خۆیان سەلماندیان کە پێشمەرگە پارێزەر و شوورای بەهێزی بەرگرییە لە نیشتمان و ئەوەیان سەلماند کە گەلی کورد تا پێشمەرگەی هەبێت باکی نابێت لە دڕندەترین دوژمن و لە پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیای چەکی سەردەم و لە دزێوترین سیاسەتی سەردەم، چونکە ئەوە پێشمەرگە بوو بەری بە دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆرستیی وەک داعشدا گرت و کردیی بە پەندی زەمانە و کێوماڵیان کردن. ڕێکخراوێک کە ترسی خسبووە دڵی سەرجەم دانیشتوانی جیهان، بەڵام لەسەر دەستی پێشمەرگە و گیانفیدایی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەرسێکی وایان وەرگرت، تا دونیایە بیریان نەچێتەوە، بۆیە ئێستاش ئەو ڕق و قینەی لە پێشمەرگە هەیانە بیریان نەچووە و ئەگەر هەلیان بۆ بڕەخسێت دەست لە کاری وەحشییانەیان هەڵناگرن و پەلاماری پێشمەرگە دەدەن، بەڵام باڵای پێشمەرگە زۆر لەوانە بەرزترە، تا پیلانی داعش و هاوشێوەکانی بتوانێت ورەی بەرزی پێشمەرگە بچەمێنێتەوە.
پێشمەرگە باڵای بەقەد باڵای شاخە سەربەرزەکانی کوردستانە و هەرگیز بە دوژمنان و شەمشەمەکوێرەکانی تیرۆر نانەوێت، بۆیە لووتژەنینی داعش و هاوشێوەکانی لە ورەی پێشمەرگە و گەورەیی و ناو و ناوبانگی پێشمەرگە هەر خەیاڵێکە و خەونێکی بەدینەهاتووی دوژمنانمانە و هەرگیز ناگەنە مەرام و ئامانجیان.
ئەوەی دەکرێت و ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، گەلی کورد تا خاوەنی پێشمەرگە بێت، ئاڵاکەی هەر شەکاوە و سەری خۆیشی هەر بەرز دەبێت.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان، مردن و سەرشۆڕی بۆ دوژمنان و داگیرکاران.

ئەسرین عاسی شوانی