پێكهاتەی پەرلەمان و چارەنووسی كورسییە بەتاڵەكان: خوێندنەوەیەكی یاسایی

پێكهاتەی پەرلەمان و چارەنووسی كورسییە بەتاڵەكان: خوێندنەوەیەكی یاسایی

 

پرسی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان و شەرعییەتی كۆبوونەوەكانی دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەم، تەنیا پرسێكی سیاسی نییە، بەڵكو بابەتێكی تەکنیکیی یاسایییە كە ڕەهەندی دەستووری و فیدراڵیی هەیە. بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (83/فیدراڵی/2023) كە لە شوباتی (2024) دەرچووە، دادگا بڕیاری دا بە نادەستووریبوونی ماددەی یەكەم لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەی كورسییەكانی بە (111) كورسی دیاری كردبوو. دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق (2023) بڕیاری دا كە پەرلەمانی كوردستان لە (100) كورسی پێكدێت. دواتر بە بڕیارێكی دیكە كە بڕیاری ژمارە (126/فیدراڵی/2024) بوو، پێنج كورسی بۆ كۆتاكان تەرخان كرا، بەڵام كۆی گشتیی كورسییەكان هەر بە (100) كورسی مایەوە. لێرەوە دەردەكەوێت هەر هەوڵێك بۆ گۆڕینی ئەم ژمارەیە بۆ نموونە بۆ (97) كورسی بەبێ بڕیارێكی نوێی دادگای فیدراڵی، وەك سەرپێچییەكی دەستووریی ڕوون هەژمار دەكرێت.

لە ڕووی دەستوورییەوە بە ئاماژەدان بە ماددەی (50) لە دەستووری عێراق (2005) و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پەرلەمانتار تا سوێندی یاسایی نەخوات، ناتوانێت دەستبەكار بێت و ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت؛ بەڵام سوێندنەخواردن بە واتای نەبوونی یان سڕینەوەی كورسییەكە نایەت. ئەگەر كاندیدێكی سەركەوتوو سوێند نەخوات یان دەست لەكار بكێشێتەوە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەو شوێنە بە شوێنی بەتاڵ دادەنرێت. كورسیی بەتاڵ هێشتا بەشێكە لە پێكهاتەی یاساییی پەرلەمان، بەڵام لەو ماوەیەدا نوێنەری تێدا نییە. یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (2024) و ڕێنماییەكانی كۆمیسیۆن، ڕێگەیان دیاری كردووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كورسییە بەتاڵەكان. ئەگەر پەرلەمانتارێك سوێند نەخوات، كاندیدی دووەم لە هەمان لیست كە زۆرترین دەنگی هێناوە، بانگ دەكرێت بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی. ئەگەر لیستەكە كاندیدی نەمابوو، یان لیستەكە بە تەواوی كشایەوە، ئەوا بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام لە هیچ بارودۆخێكدا ناكرێت ئەو كورسییانە لاببرێن و ژمارەی یاساییی پەرلەمان كەم بكرێتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە جیاوازی بكرێت لە نێوان نیسابی كۆبوونەوە و پێكهاتەی پەرلەمان. پەرلەمان دەتوانێت كۆبوونەوەكانی ئەنجام بدات بە ئامادەبوونی زۆرینەی ڕەها كە (51) ئەندامە، تەنانەت ئەگەر ئەو سێ كەسەش سوێندیان نەخواردبێت؛ بەڵام ناتوانرێت بوترێت پەرلەمان لە (97) كورسی پێكدێت. ژمارەی گشتیی پەرلەمان هەر بە (100) كورسی دەمێنێتەوە. هەر بڕیارێك كە پێویستی بە زۆرینەی ڕەها بێت، وەك هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یان متمانەدان بە حكوومەت، دەبێت لەسەر بنەمای نیوە كۆدی یەك (50+1) لە كۆی گشتیی (100) هەژمار بكرێت، نەك لەسەر بنەمای (97). واتە لایەنێك بۆ ئەوەی حكوومەت پێكبهێنێت، پێویستی بە (51) دەنگ هەیە، چ ئەو سێ كەسە سوێند بخۆن و چ نەیخۆن.

لە ڕووی یاساییەوە، هەژماركردنی پەرلەمان وەك (97) كورسی، جۆرێكە لە ئیجتیهادی سیاسی كە بنەمایەكی دەستووریی تۆكمەی نییە. بەپێی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی كوردستان یەكەیەكی یاساییی (100) كورسییە. مانەوەی سێ كورسی بە بەتاڵی، تەنیا ژمارەی دەنگدەرەكان لە ناو هۆڵەكە كەم دەكاتەوە، بەڵام ڕێژەی یاساییی پێویست كە (51) دەنگە بۆ زۆرینە، ناگۆڕێت. هەر هەوڵێك بۆ تێپەڕاندنی ئەم بنەمایە، دەرگا بۆ تانەدان لە شەرعییەتی حكوومەتی داهاتوو لە بەردەم دادگای فیدراڵی دەكاتەوە و پرۆسەی سیاسی ڕووبەڕووی بۆشاییی یاسایی دەكاتەوە.

Top