داستانی هەندرێن؛ کاتێک ئیرادەی چیا ستراتیژیی دەوڵەتی تێکشکاند
(خوێندنەوەیەکی شیکاری بۆ گۆڕانی هاوکێشەی هێز و ئەخلاقی جەنگ لە شۆڕشی ئەیلوولدا)
لە مێژووی ململانێ چەکدارییەکاندا، هەندێک جەنگ هەن کە تەنها جوگرافیایەک ناپارێزن، بەڵکو چارەنووس و ڕەوتی مێژوویی نەتەوەیەک دەگۆڕن. شەڕی هەندرێن یەکێکە لەو وەرچەرخانە گرنگانەی سنووری لیوای هەولێر، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گۆڕینی ڕەوتی ڕووداوەکان و شۆڕشی باشووری کوردستان هەبوو. لە ڕوانگەی ستراتیژیی سەربازییەوە، داگیرکردنی چیای هەندرێن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تەنها ئامانجێکی مەیدانی نەبوو، بەڵکو ئامانجێکی ستراتیژی بوو بۆ لێدان لە چەقی سەرکردایەتیی شۆڕش و بارەگاکانی مستەفا بارزانی لە دەڤەری باڵەکایەتی.
لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین لە دەرەوەی سۆزداریی نەتەوەیی، شیکارییەکی زانستی بۆ هاوکێشە سەربازی و سیاسییەکانی ئەم داستانە مەزنە بکەین.
یەکەم: وەهمی هێز و خوێندنەوەی هەڵەی جیۆپۆلەتیکی
سەرکردایەتیی سەربازیی عێراق لە ساڵی ١٩٦٦دا، کەوتبووە ژێر کاریگەریی جۆرێک لە "لەخۆباییبوونی ستراتیژی". ئامانجی سەرەکیی سوپا، دابڕاندنی ناوچەکانی سۆران و بادینان و لێکترازاندنی بادینان بوو لە سەرکردایەتیی شۆڕش. بۆ ئەم مەبەستەش، حکومەت ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پارتی و جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە ساڵی ١٩٦٤ی بە هەل زانی، کە دواتر پەیوەندییان بە حکومەتەوە کرد و دژی شۆڕش وەستانەوە.
ئەم پشتبەستنە بە دووبەرەکیی ناوخۆیی کورد، وای لە لیوا عەبدولعەزیز عوقەیلی، وەزیری بەرگریی ئەوکات کرد، کە پلانێکی تۆکمە بە ناوی (توكلت على الله) دابڕێژێت بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕش. ئاستی دڵنیایی حکومەت لە سەرکەوتنی ئەم پلانە هێندە بەرز بوو، کە باڵیۆزی عێراق لە تاران لە ڕۆژی دەستپێکی هێرشەکەدا، یاداشتێکی دابووە حکومەتی ئێران بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات پاشماوەی هێزە تێکشکاوەکانی کورد بێنە ناو خاکی ئێرانەوە، و بەتایبەتی داوای کردبوو مافی پەنابەری نەدرێتە مەلا مستەفا بارزانی. ئەمە لە زانستی سیاسیدا پێی دەوترێت "هەژماردنی پێشوەختەی سەرکەوتن"، کە زۆرجار دەبێتە هۆی کوێربوونی ستراتیژی لەبەردەم توانای ڕاستەقینەی بەرامبەردا.
دووەم: پێکدادانی چەکداری
پلانە سەربازییەکەی عێراق بۆ(١٥ی نیسانی ١٩٦٦) دانرابوو، بەڵام مەرگی کتوپڕی سەرکۆمار عەبدولسەلام عارف لە( ١٣ی نیساندا) لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەردا، جێبەجێکردنی پلانەکەی دواخست. سەرەڕای هەوڵەکانی عەبدولڕەحمان عارف بۆ دانوستان، گەورە ئەفسەرانی سوپا پێداگر بوون لەسەر هێرشەکە.
سوپای عێراق بە دوو فیرقەی هەڵبژاردە (فیرقەی یەک بە فەرماندەیی زەکی حوسێن حیلمی بۆ سەر چیای زۆزک، و فیرقەی دوو بە فەرماندەیی لیوا ڕوکن ئیبراهیم فەیسەل ئەنساری بۆ سەر هەندرێن) هێرشی دەستپێکرد. لەم قۆناغەدا، ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان سوپایەکی مۆدێرنی پڕچەک و هێزێکی پارتیزانی (پێشمەرگە) دروست بوو. پاراستنی چیای زۆزک لە ئەستۆی پارتی و چیای هەندرێن لە ئەستۆی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی عێراقیدا بوو. بەهۆی بەرگریی سەختی فەرماندەکانی وەک حاجی بێڕۆخی و عەزیز خانی مهاجر، سوپا نەیتوانی زۆزک بگرێت، بەڵام توانیان چەندین شوێنی ستراتیژی لە چیای هەندرێن داگیر بکەن، کە وای لە فەرماندە سەعید حەمۆ کرد بەڵێن بدات ڕیشی نەتاشێت تا دەگاتە گەڵاڵە.
سێیەم: هونەری پێچەوانەکردنەوەی هێرش:
لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا، توانای سەرکردایەتی لە ڕێکخستنەوەی هێزەکاندا دەردەکەوێت. ئیدریس بارزانی، کە وەک سەرپەرشتیاری گشتیی بەرەی شەڕ دەستنیشان کرابوو، ڕۆڵێکی میحوەریی بینی لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی فەرماندە مەیدانییەکانی وەک عیزەت سلێمان بەگ. لە نامەیەکی ستراتیژیدا، ئیدریس بارزانی جەختی کردەوە کە "هەرچی لە توانادا بێ و بە خوێنیش بێت، دەبێ هەندرێن وەربگیرێتەوە".
دوای دانانی فاخیر حەمەد ئاغا مێرگەسۆری وەک بەرپرسی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە هەندرێن و دابەشکردنی بەرەکانی جەنگ بەسەر پەلەکانی حزبی شیوعی و پارتیدا، لە (١٢ی ئایار) و لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆدا گەورەترین هێرشی پێچەوانە دەستی پێکرد. ئەنجامەکە لە ڕووی سەربازییەوە کارەساتبار بوو بۆ سوپای عێراق؛ زیاتر لە(٤٠٠) کوژراو و(٦٠٠) برینداریان لێکەوتەوە، و نەخۆشخانەکانی هەولێر، موسڵ، کەرکووک و سلێمانی پڕ بوون لە قوربانییەکان. ئەمەش وای لە نووسەری فەرەنسی (ڕێنیە مۆرێس) کرد کە ئەو ڕۆژە بە "ڕۆژی قیامەت" ناوزەند بکات.
چوارەم: ئەخلاقی جەنگ و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی
خاڵی هەرە درەوشاوەی ئەم داستانە، کە دەبێت لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا وەک وانەیەک بوترێتەوە، هەڵوێستی دوای جەنگەکەیە. سەرەڕای ئەو سەرکەوتنە مەزنە، بارزانی دڵخۆش نەبوو بە ڕژانی ئەو هەموو خوێنە و پێی وابوو چارەسەر لە گفتوگۆدایە.
گرنگترین هەنگاوی سیاسی و ئەخلاقی، پێشنیارکردنی ئاگربەستێکی(٢٤) کاتژمێری بوو لەلایەن بارزانییەوە بۆ ئەوەی خاچی سووری نێودەوڵەتی بتوانێت تەرمی کوژراوەکانی سوپای عێراق بگوێزێتەوە. ئەم هەنگاوە سەلماندی کە شۆڕشی کورد سەرەڕای نەبوونی قەوارەی دەوڵەت، پابەندە بە پرەنسیپەکانی پەیماننامەی جنێڤ و یاساکانی جەنگ، کە ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆر ئەرێنی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لێکەوتەوە.
دەتوانین بڵێین، شەڕی هەندرێن تەنها سەرکەوتنێکی تاکیتی نەبوو، بەڵکو سەلماندی کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد هێزێکی تۆکمەی سەربازییە و حکومەت ناتوانێت پەراوێزی بخات. ئەم شکستە گەورەیە وای لە عەبدولعەزیز عوقەیلی کرد کە دواتر لە وتارێکیدا بە ڕاشکاوی دان بە دۆڕاندنی سوپادا بنێت و بیخاتە ئەستۆی گۆڕانکارییەکانی دوای مەرگی سەرکۆمار. هەروەها ئەم پەستانە مەیدانییە بووە هۆی ئەوەی حکومەت ناچار بێت بەیاننامەی دوانزە خاڵیی (٢٩ی حوزەیرانی ١٩٦٦)، ڕابگەیەنێت، کە لە ڕاستیدا جۆرێک بوو لە خۆبەدەستەوەدانی حکومەت.
داستانی هەندرێن وانەیەکی زیندووی مێژووییە کە پێمان دەڵێت: کاتێک یەکڕیزیی نیشتمانی (وەک خەباتی هاوبەشی پارتی و حزبی شیوعی لەم جەنگەدا) لەگەڵ ئیرادەی ڕەوای نەتەوەیەکدا یەکدەگرێت، دەتوانێت گەورەترین و پێشکەوتووترین پیلانە سەربازییەکانی دەوڵەتانیش تێکبشکێنێت.

هاوكار محهمهد محهمهدڕهشید