شانشینی یەکگرتوو دوای هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان و وەرچەرخانێکی گەورە

شانشینی یەکگرتوو دوای هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان و وەرچەرخانێکی گەورە

 

 

راپۆرتێک سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٦دا کە وەرچەرخانێکی گەورە بوو کە بەریتانیاییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لەبیریان دەمێنێتەوە. ئەوان دیمەنی سیاسی ناوخۆیی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن گۆڕی، ئاستێکی فرەیی سیاسییان هێنایە ئاراوە کە لە مێژووی مۆدێرنی وڵاتدا وێنەی نەبووە. دەسەڵاتی ناوخۆیی و پەرلەمانی بە شێوەیەکی نەریتی لەلایەن دوو پارتی سەرەکییەوە بوو، پارتی کرێکاران و پارتی پارێزگاران، بەڵام ئەمڕۆ لە لێواری سەردەمێکی نوێدا وەستاوین کە پێنج پارت کێبڕکێ لەسەر هەر کورسییەکی پەرلەمانی یان ناوخۆیی لە هەموو بازنێکدا دەکەن. دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کەوا لە بەریتانیا حزبەکان رێژەیەکی جێگیریان نییە لە دەنگدان بەڵکو رێژەکە دەگوردرێت، و هاووڵاتی بەگوێرەی تێروانینی خۆی بۆ کاری خزمەتگوزاری و سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی بازار دەنگ دەدات.

لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٦، ئینگلتەرا هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ئەنجامدا بۆ هەڵبژاردنی زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی ئەنجومەنی ناوخۆیی لە ١٣٦ ناوچە، لەگەڵ شەش سەرۆک شارەوانی هەرێمەکان، هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی سکۆتلەندا و وێڵز. هەرچەندە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ڕاستەوخۆ حکومەتی ناوەندی ناگۆڕێت، بەڵام بە پێوەرێکی وردی هەستی گشتی دادەنرێت و ئەنجامەکانی ئەمساڵ تیشکی خستە سەر بەڵکو کاریگەری لەسەر حکومەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەبێت، کە دەبێت پێداچوونەوەیەکی بنەرەتی لە نێوخۆی دا بکات، و ئەگەری زۆرە سەرۆک وەزیران پۆستەکەی لە ئاکامئ ئەو هەڵبژاردنە لە دەست بدات.

ستارمەر کە تەنها دوو ساڵ لەمەوبەر دوای سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتە داونینگ ستریت بارەگای حکومەت، پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ژێر فشارێکی تونددا بوو بۆ دەست لەکارکێشانەوەی بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ چەند پرسێکدا، لە دانانی لۆرد مەندەلسۆن، بەرپرسی پێشووی بانگەشەی پارتی کرێکاران، وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە واشنتۆن، تا وەڵامدانەوەی قەناعەتپێنەکراوەکەی بۆ ململانێی ئێران.

ئێستا ڕووبەڕووی بانگەوازی بەرفراوان دەبێتەوە لەناو پارتی کرێکاران بۆ کۆتاییهێنان بە سەرکردایەتییەکەی لە حکومەت، ئەمەش دوای ئەدای کارەساتبارانەی پارتەکە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەم دواییە، کە تێیدا هەندێک لە خراپترین ئەنجامەکانی لە مێژووی سیاسی سەردەم تۆمارکرد.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجراکێشانی سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە بوو ئەوەیە کەوا لە لێدوانێکدا دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، ستارمەر جەختی لەوە کردەوە کە "ناکشێتەوە و وڵات نوقم ناکاتە ئاژاوە"، پشتڕاستیکردەوە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداری دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسیارێتی تەواوی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی لە ئەستۆ دەگرێت، دوای ئەوەی دانی بەوەدانا کە وێنەی پارتەکەی خراپ بووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامەکان قورسن، بەڵکو زۆر قورسن و هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ئەوەی بەرگری لێبکات و وێنەکە جوان بکات.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئێمە نوێنەرانی سەرکەوتووی پارتی کرێکارانمان لە سەرانسەری وڵات لەدەستدا. ئەمانە کەسانێکن کە زۆر شتیان بەخشیوە بە کۆمەڵگاکانیان، و زۆر شتیان بە پارتەکەمان داوە. ئەمە ئازار بەخشە، پێویستە ئازاری هەبێت، منیش بەرپرسیارێتی دەگرمە ئەستۆ."و گوتی دان بەوەدا دەنێم کە ئەوە ڕەنگدانەوەی هەستێکە لەنێو دەنگدەراندا کە ژیانیان بە ڕادەی پێویست نەگۆڕاوە یان بە خێرایی پێویست نەگۆڕاوە و ئەمەش ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە. ئێمە هەڵبژێردراین بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکەین، منیش لەو بەرپرسیارێتییە دوور ناکەمەوە و وڵات بخەمە ناو ئاژاوەگێڕییەوە.

بێ گومان گەورەیی شکستی پارتی کرێکاران، دیمەنی سیاسی بەریتانیای سەروبن گۆڕی و ئەو راستتەی زیاتر خستە روو کە سیستەمی کۆنی دوو  پارتی کرێکاران و پارتی محافزین زاڵن بە گۆرەپانی سیاسی وڵات،  نزیکە لە کۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتە تەقلیدیە ئەگەر هەردوو حزب پێداچوونەوەی بنەرەتی لە ناو حزبەکەیان نەکەن و بتوانن زیاتر کارە خزمەتگوزارەکان پێشکەش هاووڵاتیان بکەن، ئەگەر نا ئەگەری هەیە پارتی چاکسازی بە سەرۆکایەتی فەراج وەک براوەی بێ مشتومڕ دەرکەوت و ١٤٥١ کورسی سەرسوڕهێنەری لەسەر حیسابی هەردوو پارتی کرێکاران و پارێزەران مسۆگەر کرد، بەڵام ئەو سەرکەوتنەی فەراج ئەوە ناکەیەنێ کە بتوانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەو دەنگانە دابین بکات کە حکومەت پێکبهێنێت لە هەڵبژاردنی ئایندە.

لەگەڵ ئەوەش تا ئێستا ڕکابەرە ئەگەرییەکانی سەرکردایەتی پارتی کرێکاران هەڵوێستەکانیان ڕوون نەکردووەتەوە. (ویس ستریتینگ)، وەزیری تەندروستی و یەکێک لەو ناوانەی کە وەک ئەگەری سەرۆکوەزیرانی داهاتووی پارتی کرێکاران باس دەکریت، باسی لە بەردەوامبوونی پشتگیرییەکانی بۆ ستارمەر کردووە.

(ئەنجێلا ڕاینەر)، جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی کرێکاران و یەکێکی دیکە لە ڕکابەرە ئەگەرییەکان، لە ئێستادا بەزەحمەت دەتوانێت تەحەدای سەرکردایەتی کۆبکاتەوە، چونکە هێشتا تووشی ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باج بووە لەسەر نەدانی باج. (ئەندی بێرنهام)، سەرۆکی شارەوانی بەناوبانگی مانچستەری گەورە، سەرەتا پێویستە دووبارە هەڵبژێردرێتەوە بۆ ئەنجومەنی  گشتی (مجلس العموم) پێش ئەوەی بتوانێت بچێتە ناو کێبڕکێی سەرکردایەتی.

سەرەڕای پێداگری ستارمەر لەسەر ئەوەی کە بۆ ماوەی هەشت ساڵی دیکە لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە و سەرکردایەتی "پرۆژەی نوێکردنەوەی دە ساڵە" لەناو پارتی کرێکاران دەکات، کاترین وێست، پەرلەمانتاری پارتی کرێکاران بۆ هۆرنسی و فریرن بارنێت لە لەندەنی گەورە، کە لە مانگی ئایاری ٢٠١٥ هەڵبژێردرا، کە هاوکات لە لیژنەی هەڵبژێردراوی گەنجینەییە و وەک نێردەی بازرگانی لە پاکستان کاردەکات، ڕایگەیاندووە، هەوڵدەدات خۆی بخاتە کێبڕکێی سەرکردایەتیکردن ئەگەر هیچ وەزیری کابینەی حکومەت هەنگاو نەنێت بۆ ئەوەی تەحەدای ستارمەر بکات.

وێست دەڵێت لە ئێستادا ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی هەیە کە ئامادەن پشتگیری بکەن و "متمانە"ی هەیە کە پەرلەمانتاری پێویست پشتگیری لە هەنگاوێک دەکەن کە دەرگای کێبڕکێی سەرکردایەتی بکاتەوە.

ئەم تاکتیکە لە سیاسەتی بەریتانیادا بە "کاندیدێکی تاقیکردنەوە" ناسراوە- کەسێک کە دەچێتە ناو کێبڕکێیەکەوە کە چاوەڕوان ناکرێت سەربکەوێت، بە ئامانجی تەحەدای سەرکردەی ئێستا، دابەشکردنی ئۆپۆزسیۆن، یان پێوانەکردنی پشتگیری بۆ کاندیدێکی جددیتر، زۆرجار ناوی نەهێنراوە. تاکتیکێکی باو لە کێبڕکێی سەرکردایەتیدا، بەکاردێت بۆ لاوازکردنی سەرکردە یان بۆ تەمومژاوی مەبەستی ڕاستەقینەی ڕکابەرێک تا دوا ساتێکی سەلامەتتر.

پەرلەمانتارێکی پارتی کرێکاران وتی "پێموایە ئەو کچە دەگاتە ئاستی 81 دەنگ". ئەمە ژمارەی ئەو لایەنگرانەیە کە پێویستە بۆ دەستپێکردنی دەنگی سەرکردایەتی. ئەو پەرلەمانتارە زیادی کرد، "بێزاری لەنێو لایەنە پشتیوانەکاندا زۆر بەربڵاوترە لەوەی کە بە ئاشکرا بیستوومانە. پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی زۆر میانڕەوتر و ناوەندگەراتر هەن کە پێیان وایە کاتەکەی تەواو بووە. وە وەک زۆربەی پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاران، من توڕەم لە حکومەت کە هەڵوێستەکانی خۆی خستۆتە سەرووی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەوە".

دەیان پەرلەمانتار دەیانەوێت ستارمەر خشتەیەکی کاتی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی دابنێت،. پەرلەمانتارێک وتی: "تەنها یەکجار دەتوانین سەرکردەیەک هەڵبژێرین. دەبێت کەسێکی گونجاو بێت. بۆیە ڕەنگە پێشبڕکێکە زیاتر بخایەنێت، چونکە ئەندی پێویستی بە کورسییەکە".

ستارمەر ڕووبەڕووی تەحەدای سەرکردایەتی ببێتەوە یان نا، ئەنجامە کارەساتبارەکانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان زەربەیەکی توندی لە سەرۆکایەتییەکەی داوە و دەتوانێت مانەوەی درێژخایەنی لە پۆستەکەیدا زۆر قورس بکات.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گۆڕانکارییەکی گەورەی لە شێوەی پارتە سیاسییەکاندا نیشان دا، پارتی چاکسازی ڕاستڕەوە، ژمارەی کورسییەکانی لە ئەنجومە خۆجێیەکانی ئینگلتەرا بۆ هەزار و 453 کورسی زیاد کرد، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022دا تەنیا دوو کورسییان هەبوو.

پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار بە 1068 کورسی پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، ئەمەش بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 هەزار و 496 کورسی لەدەستداوە. لیبرال دیموکراتەکان بە کۆی 844 کورسی لە پلەی سێیەمدا هات و بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 155 کورسییان بەدەستهێنا.

پارتی پارێزگاران کە پارتێکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنە لە ئەنجومەنی  گشتی بە کۆکردنەوەی ٨٠١ کورسی پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە و ٥٦٣ کورسی لەدەستداوە.

هەروەها پارتی سەوزی چەپ دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێنا و نوێنەرایەتییەکەی بۆ ٥٨٧ کورسی زیادکرد، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٢دا ١٤٦ کورسی بوو.

پارتی چاکسازی سەرکەوتنی بەرچاوی لە ناو بازنەکانی هەڵبژاردنی  پارتی کرێکاران بەدەست هێنا، بەتایبەتی لە باکووری ئینگلتەرا، و سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا لەو بوارانەی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بە توندی دەنگیان بە برێگزیت دا.

فاراج پارتەکەی وەک نوێنەرایەتی ئەو بەریتانییانە دەخاتە ڕوو کە بەهۆی سیاسەتەکانی کۆچبەری و باج و بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە تووڕە بوون، سوود لە دابەزینی جەماوەری حکومەتی ئێستا و قەیرانی ئابووری بەردەوام وەردەگرێت.

پارتی چاکسازی هەڵوێستێکی توندڕەوانە لەبارەی کۆچ و کۆچبەرانەوە دەگرێتەبەر و داوای ڕێوشوێنی توندتر دەکات بۆ سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەران.

سەرهەڵدانی پارتی چاکسازی کاریگەری سیاسیی لە دوایە، کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ناڕەزایی گشتی بوو لە هەروو دوو پارتی سەرەکی، بە تایبەت دوای چەندین ساڵ لە قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان.

زۆرێک لەوانەی بۆ یەکەمجار دەنگیان بە پارتی چاکسازی داوە، ڕایانگەیاندووە کە دەنگەکەیان زیاتر لە خواستی گۆڕانەوە سەرچاوەی گرتووە نەک لە باوەڕبوون بە پلاتفۆرمی حیزب یان تواناکانی سەرکردایەتی.

دەرئەنجام:

– پارتی چاکسازی: دووبارە کێشانەوەی نەخشەی سیاسی: پارتی چاکسازی نایجل فەراج کە بانگەشە بۆ یاسای توندتری کۆچبەری و ناسیۆنالیزمی ئابووری و ناڕەزایەتی کولتووری دەکرد، لە شەوی هەڵبژاردندا وەک هێزی باڵادەست دەرکەوت و توانی ١٣٤٩ کورسی لە ئەنجومەنی ناوخۆییەکان بەدەستبهێنێت و کۆنترۆڵی ١٤ ئەنجومەن بکات، لەنێویاندا ئەو ناوچانەی کە نیو سەدە بوو لەژێر دەسەڵاتی پارتی کرێکاراندا بوون. گەورەترین سەرکەوتنەکانی بریتی بوون لە گرتنی سەندەرلاند، شارە پیشەسازییەکەی باکووری ئینگلتەرا کە لە ساڵی ١٩٧٣ەوە وەک قەڵای پارتی کرێکاران مابووەوە و ئێسێکس، کۆتایی بە ٢٥ ساڵ باڵادەستی پارتی پارێزگاران هێنا. لە لەندەن، ڕیفۆرم یەکەم هێرشی بۆ سەر پایتەخت ئەنجامدا بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجومەنی هاڤرینگ.

پارتی چاکسازی بە گشتی ٤١%ی ئەو کورسییانەی کە کێبڕکێی لەسەر دەکرد، بەدەستهێنا. داتاکانی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ١٠ی ئایاردا ئاشکرایان کردووە کە دەستکەوتەکانی پارتەکە لە بوارەکانی بێبەشی ئابووری کۆمەڵایەتیدا زۆرترین بووە، پشکەکەی لە هەژارترین کۆمەڵگاکاندا بە ڕێژەی ٣٠ خاڵ بەرزبووەتەوە لە کاتێکدا لە دەوڵەمەندترین کۆمەڵگاکاندا ٢٠ خاڵ بەرزبووەتەوە. بەگوێرەی شیکارییەکانی سکای نیوز، پارتەکە لە ساڵی ٢٠١٦دا لەو ناوچانەی کە دەنگیان بە جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا داوە، ٤٥%ی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا ئەو بوارانەی کە دەنگیان بە مانەوەیان داوە، دابەزیوە بۆ خوار ٢٠%. فاینانشیاڵ تایمز بە کورتی باسی ئەم دینامیکیەی کردووە: ئەنجامەکان ڕەنگدانەوەی "دەنگدەرێکە کە بێزارن لە چەقبەستوویی ئابووری و تێکچوونی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، کە هیچ ڕەزامەندییەکیان لە پارتە تەقلیدییەکاندا نەدۆزیەوە بۆ گۆڕانکاری."

– سەوزەکان: شەپۆلێک لە دەسەڵاتی شار:

بە پێچەوانەی شەپۆلی چاکسازی لە شارە پیشەسازییەکان و ناوچەکانی لایەنگری برێگزیت، شارەکانی ئینگلتەرا و لەندەن بەتایبەتی، بوومەلەرزەیەکی هاوتەریبیان لە بەرژەوەندی پارتی سەوزدا بەخۆوە بینی. بەگوێرەی ڕاپۆرتی بی بی سی لە 10ی ئایار، ئەمە باشترین ئاستی ئەو پارتە بوو لە مێژووی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، بەو پێیەی پشکی خۆی لە دەنگەکان زیاد کرد و زیاتر لە 400 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێی لەسەر ئاستی نیشتمانی بەدەستهێنا. پارتی کرێکاران کۆنترۆڵی ڕەهای خۆی بەسەر قەڵا مێژووییەکانی پایتەختدا لەدەستدا، لەوانە لویشام، هاکنی و والثام فۆڕێست، لە کاتێکدا چوار ناوچەی دیکەی لەندەن چوونە ناو "کۆنترۆڵی کراوە". بۆ یەکەمجار لە مێژووی لەندەن دوو سەرۆکی شارەوانی سەوز ڕاستەوخۆ هەڵبژێردران: زۆی گاربێت لە هاکنی و لیام شریڤاستاڤا لە لویشام.

کرێکاران و پارێزگاران: لەژێر فشاری هەردوولادا:

پارتی کرێکاران بە بەرگریکردن لە گەورەترین ژمارەی کورسییەکانی هاتە ناو ئەم هەڵبژاردنە و بە زیانێکی زۆر لە هەردوو بەرەدا دەرکەوت. خراپترین شکست لە لەندەن بوو، کە ٢١ کورسی لە کۆی ٣٢ ناوچەی کۆنترۆڵکرد بەڵام بۆ تەنها نۆ کورسی کەمکرایەوە و لە شەوێکدا زیاتر لە ٤٥٠ کورسی لەدەستدا. شیکارییەکانی ڕۆژنامەی تایمز دەریدەخەن کە پارتی کرێکاران زیاتر بەهۆی سەرهەڵدانی سەوزەکانەوە ئازار دەچێژێت نەک سەرهەڵدانی چاکسازی، واتە بنکەی سەرەکی شارەکانیان خێراتر لەوەی پێشبینی دەکرا دەڕووخێت.

بۆ پارێزەران، ئەنجامەکان قەیرانی ناسنامەی خۆیان قووڵتر کردەوە؛ پارتی چاکسازی لە سەرانسەری ئینگلتەرادا زۆر لەوان باشتر بوو، پرسیاری جددی سەبارەت بە توانای پارتەکە لە ژێر سەرکردایەتی کیم بادینۆچ بۆ وەرگرتنەوەی مافی سیاسی وروژاند. لەدەستدانی ئێسێکس – کە قەڵایەکی مێژوویی پارتی پارێزگاران بوو – ئازاربەخشترین لێدانی شەو بوو. هەردوو حزب بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک لە خوار ئاستی ٢٠%ی دەنگی نیشتمانییەوە دابەزین.

شیکاری:

بەریتانیا دەچێتە سەردەمی سیاسەتی پێنج قۆڵییەوە:

شرۆڤەکارێکی فاینانشیاڵ تایمز لە یەک دەستەواژەدا ئەو واقیعە نوێیەی کورتکردەوە و دەڵێت: "بەخێربێن بۆ سەردەمی سیاسەتی پێنج حزبی". سیستەمی سیاسی بەریتانیا کە لەسەر بنەمای گۆڕینی دەسەڵات لە نێوان هەردوو پارتە گەورەکەدا دامەزراوە، داڕما. ئێستا پشتیوانی لە چەندین بەرەی هاوکاتدا پارچە پارچە بووە، ئەمەش وایکردووە کە زۆرینەی حوکمڕانی کۆبکاتەوە بۆ هەر لایەنێک.

چاکسازی هاوارێکی گردبوونەوە لە ئینگلتەرا و ناوچەکانی لایەنگری برێگزیت لە دوای پیشەسازییە، لە کاتێکدا سەوزەکان گەنجانی شار و خوێندکارانی زانکۆ بۆ خۆیان ڕادەکێشن. پارتە ناسیۆنالیستەکان لە سکۆتلەندا و وێڵز زەمینەیان بۆ زیاد دەکەن. هێشتا نە پارتی کرێکاران و نە پارتی پارێزگاران ڕێگایەکی ڕوونیان بۆ وەرگرتنەوەی متمانەی بەرفراوانی گشتی نەدۆزیوەتەوە.

کاریگەرییە دەستوورییەکان: هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکێتی شانشینی یەکگرتوو.

گۆڕانی هاوکاتی ئینگلتەرا و وێڵز و سکۆتلەندا بەرەو دژایەتیکردنی دۆخی ئێستا لە مێژووی شانشینی یەکگرتووی مۆدێرندا بێ وێنەیە. لە کاتێکدا کە جیابوونەوەیەکی فەرمی لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدوور دەزانرێت، بەڵام ڕەوتی بەرەو پرسیارکردنی دەستووری زیاتر ڕوونە و تا ڕادەیەک گەشە دەکات کە هیچ حکومەتێک لە وێستمینستەر ناتوانێت پشتگوێی بخات.

پوختە و دەرەنجامەکان:

هەڵبژاردنی ٧ی ئایاری ٢٠٢٦ نوێنەرایەتی پچڕانێکی یەکلاکەرەوە دەکات لە سیاسەتی مۆدێرنی بەریتانیادا، نەک لەبەر ئەوەی لایەنێک بە باڵادەست دەرکەوتووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو گریمانانەی کە سیستەمی سیاسی دەیان ساڵە لەسەری بنیات نراوە، لە یەک کاتدا و لە چەندین لایەنەوە ڕەتکراونەتەوە.

ئەم ئەنجامانە چوار دەرئەنجامی سەرەکی دەخەنە ڕوو: بەریتانیا تووشی پارچەپارچەبوونی سیاسی ڕاستەقینە دەبێت کە پێکهێنانی یەک زۆرینەی حوکمڕانی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٩دا لە ڕادەبەدەر قورس دەکات، هەروەها ئەو دوو پارتە تەقلیدییە متمانەی بەشە بەرفراوانەکانی دەنگدەرانیان لەدەستداوە بە هۆکاری جیاواز و لە پێکهاتە جۆراوجۆرەکاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی.

کۆنترۆڵکردنی سێ حکومەتە دەستبەسەرداگیراوەکە لەلایەن پارتە ناسیۆنالیستەکانەوە – سکۆتلەندا، وێڵز و ئێرلەندای باکوور – پێشینەیەکی دەستوری مەترسیدار پێکدەهێنێت کە مەلەفی داهاتووی یەکێتی بەریتانیا دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەو توڕەییەی جەماوەریی کە لەم ئەنجامانەدا دەرکەوتووە، زیاتر لە پابەندبوون بە ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە نوێنەرایەتی دۆخێکی ماندووبوون دەکات لە وەستان و شکاندنی بەڵێنەکان، ئەمەش بەو مانایەیە کە دڵسۆزی بۆ هیچ لایەنێک لە درێژخایەندا گەرەنتی نییە.

بەریتانیا پێی ناوەتە سەردەمی سیاسەتی پارچەپارچە و هاوپەیمانییە گۆڕاوەکان، کە کۆدەنگییەکی ڕوونی حوکمڕانی و حزبێکی نییە کە توانای پردێک لە بەرفراوانبوونی دابەشبوونەکانی کۆمەڵگادا دروست بکات. ئایا ئەمە گۆڕانکارییەکی کاتییە یان سەرەتای دووبارە داڕشتنەوەیەکی هەمیشەیی دیمەنی سیاسی، هێشتا پرسیارێکی کراوەیە. بەڵام ئەوەی دڵنیایە ئەوەیە کە یاخیبوون لە دۆخی ئێستا پەراوێزخراو نییە؛ بووەتە هێزی بزوێنەری سەرەکی لە سیاسەتی بەریتانیادا.

ئەم ئەنجامانە نابێت بە دابڕان لە چوارچێوەی جیهانی خۆیان سەیر بکرێن. ئەوەی بەریتانیا شایەتحاڵییە درێژکردنەوەی شەپۆلێکە کە دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوا دەگرێتەوە، کە پارتە نەریتییەکان لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا و هەنگاریا لە بەرامبەر هێزە پۆپۆلیستییەکان لە سەرانسەری سپێکتری سیاسیدا لە دابەزیندان. لەلایەکی دیکەوە، پارتە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە ئەمریکا ڕووبەڕووی پرسیاری پێکهاتەیی زۆر دەبنەوە سەبارەت بە توانای پاراستنی باڵادەستی مێژوویی خۆیان. بڕگەی هاوبەش لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا دوو فاکتەری تێکەڵاون: قەیرانی متمانە بە نوخبە سیاسییەکان و قەیرانی دابەشکردنی ئابووری کە دۆڕاوەکانی لە جیهانگیرییەوە بەرهەم هێناوە کە ئێستا بەدوای نوێنەرایەتیدا دەگەڕێن لە دەرەوەی سیستەمی حزبی دامەزراو.

ساڵێک بەشداری ئەو هەڵبژاردنانەم کرد و دوای دەنگدان، کە هاتمە دەرەوە لە کەسێکی بەساڵە جووی بەریتانیم پرسی دەنگدا بە کێ؟ لەوەڵامدا گوتی ئەو نهێنیە دەنگم دا بە کێ، گوتم من رۆژنامە نووسم دەمەوێت راپۆرتێک ئامادە بکەم، گوتی ناوی خۆم ناڵێم، گوتم پێویست ناکات، گوتی لک لە پارتی کرێکارانم بەڵام دەنگم بە پاریزگاران دا بۆ ئەوەی کرێکاران بە هۆش خۆی بێتەوە بۆ هەڵبژاردنی ئایندە بە تێروانینێکی زیاتر خزمەتگردن و روون تر بەشداری هەڵبژاردن بکات و سەرکەوێت.

سەرچاوە: فاینانشیاڵ تایمز، گاردیەن، بی بی سی، سکای نیوز، تایمز، شیکارییەکانی ڕۆب فۆرد لە زانکۆی مانچستەر.

 

Top