کەرکووک لەنێوان قەیرانی ژینگە و هیوای هەناسەیەکی سەوزدا

کەرکووک لەنێوان قەیرانی ژینگە و هیوای هەناسەیەکی سەوزدا

 

کەمیی ڕووبەری سەوزایی لە شاری کەرکووک، بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسیی ژینگەیی جیددی بۆ سەر ژیانی دانیشتووان و هەموو پێکهاتەکانی شارەکە. لە ئێستادا چالاکوانانی ژینگە لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە، هەوڵێکی چڕ دەدەن بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، تا بتوانن ژینگەیەکی تەندروستتر بۆ هاووڵاتیان و نەوەکانی داهاتوو دابین بکەن.

محەممەد حەبیب، ڕاوێژکاری پەروەردەیی لە ڕێکخراوی «کۆکار» و چالاکوانی ژینگەیی، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: «کۆکار دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و لەسەر چەند بنەمایەکی سەرەکی پێک هاتووە. ئامانجی سەرەکیمان دروستکردنی هۆشیاریی ژینگەیی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی خەڵکە سەبارەت بە گرنگیی پاراستنی ژینگە، بەتایبەتی لە شاری کەرکووک و دەوروبەریدا.»

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە «کۆکار» هەوڵ دەدات ڕێژەی سەوزایی لە شارەکەدا زیاد بکات و ڕووبەڕووی ئەو قەیرانە ژینگەییە ببێتەوە کە کەرکووک پێیدا تێپەڕ دەبێت. بەپێی وتەی محەممەد حەبیب، ئەم دامەزراوەیە بەردەوام هەوڵی داوە هاووڵاتیان بکاتە بەشێک لە پڕۆژەکانی؛ چونکە باوەڕیان وایە چارەسەری کێشەکانی شار، تەنها بە بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک بەدی دێت.

ناوبراو ڕوونی کردەوە کە کەرکووک، سەرەڕای ئەوەی شارێکی دەوڵەمەندە لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵام بەداخەوە لە بواری خزمەتگوزاری و ژینگەدا بێبەش کراوە. بە وتەی ئەو، «کۆکار» کار بۆ ئەوە دەکات کە هەستی بەرپرسیارێتی لای خەڵک دروست بکات، تاوەکو خۆیان ببنە بەشێک لە چارەسەر و بە هاوکاریی یەکتر ژینگەیەکی باشتر بونیاد بنێن. هەروەها جەختی لە گرنگیی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان کردەوە، چونکە پاراستنی ژینگە ئەرکێکی گشتگیرە و پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە، بێ جیاوازی.

محەممەد حەبیب باسی لەوەش کرد کە «کۆکار» لە ماوەی چالاکییەکانیدا توانیویەتی سەدان چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام بدات و هەزاران گەنجی کەرکووک لە پڕۆژە خۆبەخشییەکاندا کۆ بکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو ئەم هەوڵانە تەنها بە ئیرادە و ماندووبوونی خۆبەخشان بووە.

جێی داخە کە ئێستا کەرکووک لە ڕووی ژینگەییەوە لە دۆخێکی نالەباردایە؛ شارەکە زیاتر وەک ناوچەیەکی پیشەسازی دەردەکەوێت نەک شوێنێکی گونجاو بۆ ژیان. کارگە و پاڵاوگەکان بەردەوام ژینگە و هەوای شارەکە پیس دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەمیی ڕووبەری سەوزایی و پشتگوێخستنی پرسی ژینگە، مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی گشتی دروست کردووە.

لەنێو ئەم هەموو گرفتانەدا، چالاکوانانی ژینگە هێشتا هیوایان بە گۆڕانکاری هەیە. ئەوان باوەڕیان وایە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و هاوکاریی نێوان هاووڵاتیان، دەکرێت کەرکووک جارێکی تر بکرێتەوە بە شارێکی سەوز و شوێنێکی شایستە بۆ ژیان.
بەڵام ئیدارەی سارەکەی پلانێکی تۆکمەی دڕێژ خایەنی نیە بۆ سەوز کردنی شارەکە و زیاد بوونی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکە چەندین جار ژمارەیەکی زۆر دار لە لایانی ڕێکخراوەکان چالاک وانانەوە چێنراوە بەڵام بەهۆی ئاو نەدانی ووشک بوون لە ناو چوون

Top