پڕۆسەی فەشەلی دامەزراوەیی
کاتێک ژیری دەبێتە قوربانی وێنەیەکی بێدەنگ و نادیار، باروودۆخ تێکدەچێت.
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، لە قوڵایی زۆرێک لە دامەزراوەکاندا، جەنگێکی بێدەنگ دەبینرێت. ئەمە نە جەنگی چەکدارییە و نە ژاوەژاوی شەمەندەفەر، بەڵکو پرۆسەیەکی وردە بۆ بچووککردنەوەی قەبارەی ئەو مرۆڤە ژیرانەی کە دەبوو سەرمایەی بنەڕەتی بن.
ستراتیژیی شکست و تێکشکانی ڕوئیا
کاتێک لە دامەزراوەیەکدا فەشەل دەبێتە ستراتیژ و کارنامە، یەکەم قوربانی کەسانی بەئەزموون و خاوەن ڕوئیا دەبن. ئەوان ڕووبەڕووی نائارامی و نائومێدییەکی کوشندە دەکرێنەوە. لێرەدا کێشەکە تەنها لە ڕەهەندە کەسییەکەدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە نیشانەیەک بۆ لاوازبوونی تەواوی جەستەی دامەزراوەکە لە نزیکترین مەودادا. لەم جۆرە ژینگەیەدا، خاوەن بڕیارەکان دەبنە کەسایەتیی لاواز، کەس هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات و کارەکان تەنها دەبنە کات بەڕێکردن و شوێنکەوتنی ڕێنماییە وشکەکان.
زنجیرەی لاوازی و سەرهەڵدانی دەسەڵاتی لەرزۆک
مەترسییە گەورەکە لێرەوە دەست پێدەکات؛ کاتێک کەسە لاوازەکان دەچنە شوێنی بڕیاردان. ئەمان بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان، کەسانی لە خۆیان لاوازتر دەهێننە ناو بازنەی دەسەڵات و پلەیان پێ دەبەخشن. ئەمەش وەک زنجیرەیەکی لێ دێت کە هەموو ئەڵقەکانی بەرەو داڕمان دەچن و دۆخێکی لەرزۆک دروست دەکەن کە بەرگەی هیچ ڕاستییەک و خۆڕاگرییەک ناگرێت، چونکە ئەم پێکهاتەیە لەسەر حیسابی پەراوێزخستنی مرۆڤە ژیرەکان و ئەزمووندارەکان دروست کراوە.
بنیاتنانی ڕاستەقینە،
دەبێت بزانین کە حزب یان کۆمپانیا بە دروشمی بریقەدار و تابلۆی گەورە و بینای ڕازاوە نابنە پێشەنگ. گەورەیی ڕاستەقینە و ڕەگداکوتان لە قووڵایی زەویدا، تەنها بە کەسانی لێهاتوو، پسپۆڕ و پڕۆفیشناڵ بەدەست دێت. تەنها ئەو دامەزراوەیە لە هەموو پێشبڕکێیەکی مێژووییدا براوە دەبێت کە ڕێز لە شکۆی عەقڵ و ئەزموون بگرێت.

دڵدار باشووری