پەیامی فازل میرانی بۆ ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان : خەسڵەتی باشی گوڵان ڕێزگرتنیەتی لە خوێنەرانی، لەدیدگای پاكی كوردانەوە، لە گۆشەنیگای قووڵی مرۆڤانەوە، شرۆڤەی ورد و بابەتیانە دەخاتە ڕوو

پەیامی فازل میرانی بۆ ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان : خەسڵەتی باشی گوڵان ڕێزگرتنیەتی لە خوێنەرانی، لەدیدگای پاكی كوردانەوە، لە گۆشەنیگای قووڵی مرۆڤانەوە، شرۆڤەی ورد و بابەتیانە دەخاتە ڕوو


بەبۆنەی تێپەڕبوونی 32 ساڵ بەسەر دەرچوونی گۆڤاری گوڵان ، بەرێز فازل میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەرو تەواوی كارمەندانی گوڵان كردووە و ئەمەش دەقەكەیەتی:

بەڕێز فەرهاد محەمەد سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان
بەڕێزان دەستەی نووسەران، هەموو كارمەندانی گوڵان
ڕێز و سڵاو
دوای تێپەڕ بوونی 32 ساڵ بەسەر دەرچوونی (گوڵان)، سەرەتا وەك ڕۆژنامەیەكی نوێباوی دژە باو لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردی، دواتر لە فۆرمی گۆڤارێكی سەنگین و پەیامدار، گوڵان بووە بە ئۆرگانێكی جێ متمانەی خوێنەران و بە درێژایی ئەو ساڵانە، گۆڤارەكە بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، لە هەموو قۆناغەكاندا بەدەم چاوەڕوانی و خواستی خوێنەرانییەوە چووە، ڕێزی لە چاوەڕوانی و هۆشمەندیی ئەوان گرتووە.
لەم ساڵانەی دواییدا، گۆڤارەكە بووە بەو پەنجەرەیەی، شیلەی بیری پاكی بژاردەیەك لە نووسەر و بیرمەند و ئەكادیمیانی كوردستان بە خوێنەرانی ئاشنا دەكات، لە هەمان كاتدا بەردەوام دەروازەیەك بووە بۆ ئاشنا كردنی خوێنەرانی بە دید و بۆچوونی ژمارەیەكی زۆر لە نووسەر و بیرمەند و ئەكادیمیانی بیانی لە وڵاتانی دوور و نزیكی كوردستانەوە. ئەم گۆڤارە ئەگەرچی شادەماری پەیامەكەی لە كرۆكدا سیاسییە، بەڵام بەردەوام بوارەكانی دیكەش (كۆمەڵایەتی، هونەر، وەرزش، هەمەڕەنگ) بەسەر دەكاتەوە، جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بكەین، گۆڤارەكە لە ڕووی چاپ و دیزاینەوە هەردەم هەنگاوی بەرەو پێش ناوە، بە چەشنێك چ لە ڕووی ناوەرۆكەوە، چ لە ڕووی چاپ و دیزاینەوە، خاوەن مۆرك و ستایلی خۆیەتی، بۆیە ئێستا دەتوانین بڵێین، (گوڵان) ئۆرگانێكە خاوەن ناسنامەی ڕۆژنامەوانیی خۆیەتی.
خەسڵەتێكی باشی ئەم گۆڤارە ڕێزگرتنیەتی لە خوێنەر و هۆگرانی، لە دیدگایەكی پاكی كوردانەوە، لە گۆشەنیگایەكی قووڵی مرۆڤانەوە، شرۆڤەی ورد و بابەتیانە دەخاتە ڕوو، هەردەم لەگەڵ ڕووداوەكاندا هەنگاوی ناوە، خاوەن گوتار و پەیامی هاوسەنگ و بەرپرسانەیە، هەموو ئەمانە وایان كردووە، خوێنەر بە چاوی ڕێزەوە لێی بڕوانێت.
دوای تێپەڕ بوونی 32 ساڵ بەسەر دەرچوونی گوڵان، زۆر بە گەرمی دەستی ماندووی كارمەندانی دەگوشین، هیوای هەردەم گەشەی گۆڤارەكە و پێشكەوتنی ئەوان دەخوازین. سەرفراز و سەربڵند بن.


فازل ميرانى
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی
22-4-2026

Top