( پـێــشـێــڵـــکــردنــی مافەکانی گەلی کورد لە سوریا )
لە درووست بوونی حکومەتی عەرەبی سوریا تاوەکو ئێستاش بە شێوەیەکی بەردەوام دەستدرێژی لەسەر مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد کردووە. ئەم پێشێڵکردنانە درێژەپێدەری سیاسەتێکی کۆنە پەرستی نەتەوەیی و شۆڤێنیە، بەردەوامی ئەو نەهجە لە ئێستادا ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە هێشتا هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە هەڵوێستی دەوڵەتدا ڕوو نەداوە.
یەکێک لە گەورەترین پێشێڵکردنان، ڕەتکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و کلتووری کوردەکانە. لە ماوەی دەهەی رابردوودا، هەزاران کورد لە مافە سەرەتاییەکانی وەک هاوڵاتیبوون، خوێندن بە زمانی دایک، بەشداریکردن لە ژیانی سیاسی و بەکارهێنانی ئازادییە کلتوورییەکان بێبەش کراون. ئەم سیاسەتە هێشتا بە شێوەیەکی جێگیر بەردەوامە و بە هۆی ئەوەوە، گەلی کورد بە شێوەیەکی ئاشکرا و سیستەماتیک تووشی نادادپەروەری دەبن.
لە ئاستی ئاساییشیدا، هێرش و فشاری سەربازی لەسەر ناوچە
کوردنشینەکان، دەستبەسەرداگرتن و تۆمەتبارکردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی، و داخستنی شوێنە فەرمی و کلتوورییەکان، بەشێوەیەکی بەردەوام بەکاردێنرێن. ئەم کردارەکانە نەک تەنها دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکانن، بەڵکو دژ بە بنچینەکانی هاوبەشیبوون و ژیانن لە یەک وڵاتدا.
گەلی کورد لە سوریا لە پرۆسەی بڕیارسازی و داهاتووی وڵاتدا بە شێوەیەکی ئاشکرا دوورخراونەتەوە. حکومەتی سوریا هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینەی نەداوە بۆ دانپێدانان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد، یا بۆ دروستکردنی سیستەمێکی دادپەروەرانە کە هەموو پێکهاتەکانی وڵات تێیدا بەشدار بن.
لە کۆتاییدا، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتییان لەسەر ئەم پێشێڵکردنە بەردەوامانە هەبێت و فشاری یاسایی و سیاسی بخەنە سەر حکومەتی سوریا بۆ وەستاندنی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانە. پاراستنی مافەکانی گەلی کورد، بەشێکە لە پاراستنی دادپەروەری، ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە سوریا و هەموو ناوچەکەدا.
یەکدەنگی کوردیش لە ئێستادا لە هەموو کاتێک گرنگترە و دڵنیام کورد ئەم رووداوە بەسەرکەوتوویی تێدەپەرێنێت.

ن:علی چیایی