بانگەوازێک لە دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی حەلەب لە عەفرین

بانگەوازێک لە دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی حەلەب لە عەفرین

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڵاوی کزدەوە، لە سۆنگەی بەها و بنەما مرۆییەکان، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە پەرەسەندن و زیادبوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکان لە شاری حەلەب دەڕوانێت، بێگومان ئەو جۆرە گرژیانە، دەبنە هۆی کارەساتی مرۆیی و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە گرنگە پارێزگاریی لە گیانی هاووڵاتییانی سڤیل بکرێت و رێگەنەدرێت کۆچبەریی زۆرەملێ رووبدات، کە بەداخەوە ئەو گرژییانە دەبنە هۆی نەهامەتی و پەڕاگەندەبوونی ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی سڤیل و قەیرانی دیکەی مرۆیی.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، پێشتریش، رۆڵی بەرچاومان هەبووە لە بەهاناوە چوونی خەڵکی لێقەوماو لە ناوچەکەدا، کە بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوونە، ئێستاش بەهۆی ئەو گرژیانەی حەلەب، ئاوارەیەکی زۆر روویان لە عەفرین کردووە، کە بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، ژمارەیان دەگاتە 22 هەزار خێزان.
ئەو دەزگا خێرخوازیە دەڵێت، لەم سۆنگەیەوە، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، هەڵمەتێکی گەورەی مرۆیی رادەگەیەنێت بۆ ئەوەی هاوکارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو ئاوارانەی دابین و دەستەبەر بکات، کە بەهۆی ئەم شەڕەوە روویان لە عەفرین کردووە.

لێرەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بانگەواز لە ئاژانسەکان، رێکخراوەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، خەڵکی خێرخوازیی هەرێمی کوردستان و رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە دەکات، هاوکار و پشتیوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە خەڵکی ناوچەکە.

Top