ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن تۆڕی دادپەروەری بەندییەکانەوە خەڵاتی ماندێلای بۆ هاوکاری کردنی بەندکراوانی وەردەگرێت

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن تۆڕی دادپەروەری بەندییەکانەوە خەڵاتی ماندێلای بۆ هاوکاری کردنی بەندکراوانی وەردەگرێت

 

لە ڕێکەوتی ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن تۆڕی دادپەروەری بەندییەکانەوە خەڵاتی ماندێلای بۆ هاوکاری کردنی بەندکراوان پێشکەشکرا.

خەڵاتەکە لە لایەن تۆڕی دادپەروەری بەندییەکانەوە پێشکەش بەو کەس، دامەزراوە و لایەنانە دەکرێت کە هاوکاری چاکسازییەکان و بەندکراوان دەکەن، لە ڕووی پاراستنی مافی بەندکراوان و باشترکردنی ڕەوشی ناو چاکسازییەکان بە پێی پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

لە ساڵی ٢٠٢٥دا ١٢ کەس لە تەواوی عێراق ئەم خەڵاتەیان پێدراوە کە لە لایەن تۆڕ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە دەپاڵێورێن و دواتر لە لایەن لیژنەیەکی نێودەولەتییەوە هەڵسەنگاندیان بۆ دەکرێت بۆ پێدانی ئەم خەلاتە.

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی کارا و بەردەوامی هەبووە لە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی چاکسازییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بۆ پاراستنی رەوشی بەندکراوان و چاودێری تەندرووستیان، هەروەها پابەندبوون بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕاسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان (UPR).

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ خێراتر کردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی جێبەجێکرنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) لە ئەنجامی ئەو زنجیرە وۆرکشۆپ و سیمینارانەی کە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان و لە دەرەوەی هەرێم بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم ئەنجامدراون نووسینگە ژمارەیەک رێکاری دەرکردووە لە بوارە پەیوەندیدارەکان لەوانەش بەڕێوەبردنی چاکسازییەکان و نەهێشتنی ئەشکەنجەدان.

لە پرۆسەی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێکارەکان وەزارەت، دەستە و فەرمانگەکان، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان هەنگاوی پراکتیکییان هاوێشتووە لە هەمان کاتیشدا هەماهەنگی لەنێوان دەزگا فەرمییەکان پتەوتر بووە.

پێشکەشکردنی ئەم خەڵاتە بە نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەولەتییەکان دەستخۆشییە بۆ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر پابەندبوون بە پرەنسیپ و ستانداردەنێودەولەتییەکان و پێشخستنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ بە بێ جیاوازی.

Top