پەرلەمانتارانی کۆتای مەسیحیی کوردستان، پیرۆزبایی پێکهێنانی فراکسیۆنی سویانای مەسیحییەکان لە پەرلەمان عێراق دەکەن

پەرلەمانتارانی کۆتای مەسیحیی کوردستان، پیرۆزبایی پێکهێنانی فراکسیۆنی سویانای مەسیحییەکان لە پەرلەمان عێراق دەکەن

 

د. جێمس حەسدۆ هێدۆ، پەرلەمانتاری کۆتای مەسیحییەکانی دهۆک و ڕامی نووری سیاوش، پەرلەمانتاری کۆتای مەسیحییەکانی هەولێر، پیرۆزبایی گەورەترین فراکسیۆنی مەسیحییەکان لە پەرلەمان عێراق دەکەن، هاوكات په‌یامێكیش بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.

هەردوو پەرلەمانتار لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن: بەخۆشحاڵیی زۆرەوە، بڕیاری بەرپرسیارانەتانمان بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق پێگەیشت. بڕیارەکە بێگومان کاریگەری و ئەنجامی ئەرێنیی لە بەرژەوەندیی گەلی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن دەبێت.

دەشڵێن: بە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سویانا مەسیحی گەشبینین کە لە بەڕێزان (کلدۆ رەمزی و سامی ئوشانا و عیماد یوحەنا) پێک دێن و هیوای خێر و بەردەوامیان بۆ دەخوازین لە کارکردن بۆ دەرکردنی یاسای نوێ، هەمواکردنەوەی یاسا بەرکارەکان و چاودێریکردنی ڕژد لەپێناو گەرەنتیکردنی مافی گەلەکەمان.

ئەوەش هاتووە: بەهۆی گرنگییەوە بۆ هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکان، بە خۆشەویستییەکی برایانە، ئامادەیی خۆمان نیشان دەدەین بۆ کارکردنی هاوبەش لەنێوان پەرلەمانتارانی گەلەکەمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان-عێراق، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەدی بهێنێت.

Top