ڕەنگەكانی ئاڵای کوردستان لە چییەوە هاتووە؟
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025 شازدەیەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژی ئاڵای کوردستان بوو، لە ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژێکی فەرمی پەسەند کرد، کە لە هەموو شار و شارۆچكە و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان بە سۆز و خۆشەویستی و نیشتمانپەروەرییەوە یاد دەکرێتەوە. با بزانین بۆچی چوار ڕەنگە و لە چییەوە هاتووە:
ڕەنگی سوور: هێمایە بۆ قوربانی و خوێنی باوک و باپیران و شۆڕشگێڕان کە لەپێناو سەربەرزی و ئازادیدا ڕژاوە.
ڕەنگی سپی: پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی هەموو ئایین و ئایینزا و پێكهاتە نەتەوەییەكانی كوردستانە.
خۆرەكە لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدایە: بە بیست و یەک تیشکەکەیەوە دەدرەوشێتەوە، ئاماژەیە بۆ ڕووناکی و هیوا و ئومێدی نەتەوەی كورد، کە سازش لەسەر مافە نەگۆڕەکان قبوڵ ناکات.
ڕەنگی سەوز: بەڵگە و هێمای ژیانی نوێبووەوە و ئاوەدانییە، كە بەردەوام خۆزگە و خەبات ئاوێتەی هێنانەدیی ئامانج و بووژانەوەی نیشتمانە.
(21) تیشک؟ ئەم ژمارەیە پیرۆزییەکی تایبەتی هەیە، ڕۆژی ٢١ی ئازار كە ڕۆژی نەورۆزە، سەرەتای هاتنی وەرزی بەهار و بووژانەوە و تەقینەوەی كانی و كارێزو جۆگەلەكانە، ڕۆژی سەرکەوتنی ئیرادەیە بەسەر ستەمدا، هەر ئەو ژمارەیە لەلای هەندێك لە کوردانی ئێزیدیش هێمایە و پیرۆزیی خۆی هەیە.
ئا/ بەهادین جەلال مستەفا
