بنەما و بنچینەكانی وەرگێڕان
وەرگێڕان بریتییە لە پرۆسەی گواستنەوەی واتای دەق یان قسەکردن لە زمانێکی سەرەکییەوە (زمانی سەرچاوە) بۆ زمانی دووەم (بۆ وەرگێڕدراو) بە شێوازێکی ورد کە هەستی دەقە ڕەسەنەکە و ڕۆحی دەقە وەرگێڕدراوەکە بگەیەنێت، وەرگێڕان ئامانجی ئاسانکردنی پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاری و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لە نێوان کەلتوور و کۆمەڵگە جیاوازەکاندا.
وەرگێڕان كۆمەڵێك بنەما و بنچینەی هەیە، کە دەبێت وەرگێڕ لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی وەرگێڕاندا پەیڕەویان بکات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتێکی دروستی سەرکەوتوو و بێ هەڵەی وەرگێڕان. بنەما و بنچینەکانی وەرگێڕان کارەکە بۆ وەرگێڕ ئاسان دەکەن و، وای لێدەکەن بە ئاسانی دەقی بەردەستی تەواو بکات، بۆیە بەهۆی گرنگیی وەرگێڕان، باسی بنەما و بنچینەکانی دەکەم:
1- تێگەیشتن لە هەموو یاساکانی ئەو زمانەی کە لێیەوە و بۆی وەردەگێڕدرێت: تێگەیشتن لە هەموو یاساکانی زمان یەکێکە لە گرنگترین بنەما و بنچینەکانی وەرگێڕان، بۆ ئەوەی وەرگێڕ بتوانێت دەقەکە بە شێوەیەکی دروست و بێ هەڵە دابڕێژێت.
2- هەبوونی ڕۆشنبیریی تەواوی وەرگێڕ لە بواری ئەو دەقەی کە دەوێت وەریگێڕێت: وەرگێڕ دەبێت ئەو دەقە بخوێنێتەوە کە دەیەوێت وەریگێڕێت بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لە توانای خۆی بۆ وەرگێڕانی، چونکە ڕۆشنبیریی وەرگێڕ توانای تێگەیشتنی لە دەقەکە پێدەبەخشێت.
3- توانای تێگەیشتن لە نووسەر: بۆ ئەوەی وەرگێڕ لە وەرگێڕانەکەیدا سەرکەوتوو بێت، دەبێت بتوانێت لە قسەکانی نووسەری دەقەکە تێبگات، بە تایبەت ئەگەر ئەو دەقەی کە وەرگێڕ وەریدەگێڕێت دەقێکی ئەدەبی بێت، ئەم جۆرە دەقە پێویستی بەوەیە کە وەرگێڕ هەستی بەوە هەبێت کە نووسەر لە کاتی نووسینی دەقەکەدا هەستی چۆن بووە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی دروست و ڕێک وەریگێڕێت.
4- دابینکردنی ئامرازەکانی وەرگێڕان: دابینکردنی ئامرازەکانی وەرگێڕان یەکێکە لە گرنگترین و دیارترین بنەما و بنچینەکانی وەرگێڕان، وەرگێڕ دەبێت فەرهەنگی یەکزمانی و دوو زمانی ئامادە بکات، جگە لە فەرهەنگی زاراوە تایبەتەکان بەو بابەتەی کە وەریدەگێڕێت.
5- دیاریکردنی جۆری وەرگێڕان: نووسەر دەبێت جۆری ئەو وەرگێڕانە دیاری بکات، کە دەیەوێت ئەنجامی بدات، بۆ ئەوەی شێوازێکی گونجاو بۆ وەرگێڕانەکە پەیڕەو بکات، وەرگێڕانی ئەدەبی پێویستی بە پابەندبوونی وەرگێڕ بە وەرگێڕانی پیت بە پیت نییە، لە کاتێکدا وەرگێڕانی زانستی پێویستی بە پابەندبوونی وەرگێڕ بە پیت بە پیت و وەرگێڕان بە شێوەیەکی زنجیرەیی هەیە.
6- توانای داڕشتنی ڕستەکان بە شێوەیەکی دروست: ئەم خاڵە یەکێکە لە بنەما و بنچینەکانی وەرگێڕان، وەرگێڕ دەبێت توانای داڕشتنی ڕستەکانی بە شێوازێکی جوان و بێ هەڵەی ڕێنووسی هەبێت.
7- دابەشکردنی دەقی وەرگێڕدراو بۆ پەرەگراف: ئەم خاڵە یەکێکە لە گرنگترین و دیارترین بنەما و بنچینەکانی وەرگێڕان، وەرگێڕ دەبێت دەقەکەی بۆ چەند بەشێک دابەش بکات و، هەریەک لەم بەشانە بە جیا وەربگێڕێت، و دەبێت پشوو بدات کاتێک هەر بەشێک تەواو دەکات.
8- پێداچوونەوە بە دەقەکە: دوای تەواوکردنی وەرگێڕانەکە، دەبێت وەرگێڕ بە تەواوی پێداچوونەوە بە دەقەکەدا بکات، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کە هیچ هەڵەیەک لە کاتی وەرگێڕاندا ڕووی نەداوە.
9- پسپۆڕی لە جۆرێک لە جۆرەکانی وەرگێڕان: ئەم خاڵە یەکێکە لە بنەما و بنچینەکانی وەرگێڕان، بە تایبەت ئەگەر وەرگێڕ بیەوێت لە بواری وەرگێڕاندا کار بکات، پسپۆڕی یارمەتیی خوێنەر دەدات کە وەرگێڕانێکی دروست و بێ هەڵە و خێرا ئەنجام بدات، چونکە ئەزموونێکی زۆری لەو بوارەدا کۆکردووەتەوە کە تێیدا وەردەگێڕێت.
لەسەر بنەمای ئەوەی لەسەرەوە باس کرا، دەبینین کە کۆمەڵێک بنەما و بنچینە هەن کە وەرگێڕ دەبێت بیانزانێت و لێیان تێبگات، بۆ ئەوەی بتوانێت بە خێرایی و کوالێتییەکی بەرز وەرگێڕانێکی دروست و بێ هەڵە ئەنجام بدات. لەوانەش: لێهاتوویی زمانەوانی واتا شارەزایی لە زمانی هەر دووكیان هەبێت، لەگەڵ شارەزایی لە یاساکانی هەردوو زمانەکە، لەوانەش زاراوەکان، شێوەزار و بنزارە جیاوازەکان، پێش دەستپێکردن بە وەرگێڕان، پێویستە دەقی ڕەسەن بە تەواوی بخوێنرێتەوە بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکەکەی، مەبەست لێی و پەیامی سەرەکی کە دەیەوێت بگەیەنێت.
دەبێت وەرگێڕ ئاگای لە وردیی واتای ڕەسەنی دەقەكە هەبێت و دووركەوێتەوە لە گۆڕینی ناوەڕۆکەکەی یان زیادکردنی لێکدانەوەی کەسی، بە تایبەت لە دەقە زانستی و تەکنیکییەکاندا.
وەرگێڕ ئامانجی پاراستنی پەیوەندیی نێوان بیرۆکەکان و هاوسەنگی دەقی ڕەسەنە لە زمانی ئامانجدا ڕەچاودەكات، لەگەڵ سەرنجدان لە جیاوازییە کەلتوورییەکانی نێوان زمانی سەرچاوە و زمانی دووەم بۆ دڵنیابوون لەوەی پەیامەکە بە شێوەیەکی گونجاو دەگات. دەبێت وەرگێڕ خاوەنی لێهاتوویی نووسین بێت بۆ ئەوەی بتوانێت دەقی وەرگێڕدراو بە شێوازێکی پاراو و سروشتی لە زمانی ئامانجدا پێشکەش بکات.
وەرگێڕی پیشەگەر دوودڵ نابێت لە بەکارهێنانی فەرهەنگە تایبەتمەندەکان و ماڵپەڕە باوەڕپێکراوەکان بۆ بەدەستهێنانی زاراوەی ورد و دەوڵەمەندکردنی کارەکەی.

بەهادین جەلال