دكتۆر محەمەد عەبدولواحید پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی زاخۆ: زانكۆ پێویستە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆمەڵگە و حكومەت و كەرتی تایبەت بەهێز بكات و گەنجی وڵاتەكەمان بگرێتە خۆی و پەرە بە كەسایەتییان بدات
زانكۆ جگە لە ئەركی سەرەكیی خۆی كە خوێندن و گوتنەوەی وانەیە، پێویستی بە هەندێك ئەركی گرنگ هەیە كە لە دەرەوەی كەمپی زانكۆ ئەنجامی بدات، پێویستە پەیوەندییەكی زۆر بەهێزی لەگەڵ كۆمەڵگەدا هەبێت. ئەمە دەتوانرێت لە ڕێگەی چەندین چالاكییەوە بێت:
• گرێدانی سیمینار و وۆركشۆپ و دەركەوتن لە ڕاگەیاندن بۆ باسكردنی مێژووی نەتەوەیی، بەتایبەتی نەتەوەی كورد كە كارێكە لەسەر بەهێزكردنی هەستی نەتەوەیی و فێركردنی خەڵك لە بارەی ڕابردوویەوە.
• ئەنجامدانی چالاكیی جۆراوجۆری وەك ماراسۆن و دەركەوتن لە ڕاگەیاندن بۆ باسكردنی هەندێك نەخۆشی و زیانەكانی، وەك زیانەكانی بەكارهێنانی نێرگەلە، یان جگەرەی ئەلیكترۆنی. زانكۆ دەبێت خەڵك لە بارەی تەندروستیی كەسی و تەندروستیی كۆمەڵگەوە فێر بكات، چونكە كۆمەڵگەی پێشكەوتوو كۆمەڵگەیەكی تەندروستە.
• زانكۆ پێویستە گەنجی وڵاتەكەمان بگرێتە خۆی و پەرە بە كەسایەتییان بدات. گەنج باوەڕی بە خۆی هەبێت، بزانێت چۆن كاتەكانی بەڕێوە ببات و شارەزاییەكانی سەردەم، وەك زیرەكیی دەستكرد (AI)، سۆفتوێرەكان و فێربوونی زمانەكان بزانێت.
جگە لەم بوارانە شتێكی دیكەی زۆر گرنگ كە زانكۆ پێویستە ڕۆڵی تێدا بگێڕێت، بریتییە لەوەی كە ببێتە هاوكار و ڕێ نیشاندەر بۆ گەنجەكان كاتێك دەیانەوێت بیزنسی خۆیان دەست پێ بكەن. نەتەوە پێشكەوتوو دەبێت كاتێك بازرگانی و كاروبزنس دەست پێ دەكات لە بیزنسی گەنجەوە دەستی پێ بكات. زانكۆش پێویستە هاوكار بێت بۆ ئەو گەنجە و ڕێگەی دروستی پێ نیشان بدات.
پەیوەندییەكانی زانكۆ لەگەڵ كۆمەڵگەدا دەبێت بەهێز بێت، بەڵام خاڵێكی دیكەی زۆر لاواز بە تایبەتی بە بەراورد بە سیستەمی خوێندنی وڵاتانی دیكە (وەك سیستمی بەریتانیا كە زانیاریمان لەسەری هەیە)، پەیوەندی زانكۆیە لەگەڵ كەرتی تایبەت و حكومەت. كەرتی تایبەت دەبێت هەوڵ بدات پەیوەندی لەگەڵ زانكۆدا هەبێت، بە هەمان شێوە حكومەتیش پێویستە هاوكار بێت لەگەڵ زانكۆ و ڕا و پێشنیارەكانیان وەربگرێت. بەداخەوە زۆر جار حكومەت بڕیار و یاسا دەردەكات، بەبێ ئەوەی سوود لە توێژینەوە زانستییەكانی زانكۆ و تێز و ئەتڕووحەی ماستەر و دكتۆرا وەربگرێت، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەو بڕیارە لەسەر تەندروستی، یان كۆمەڵگە باشە، یان نا و باشی و خراپییەكەی چەندە. ئێمە زۆر جار پێچەوانەكەی دەبینین، یاسا دەردەكرێت، بەبێ ڕای زانكۆ، و دواتر بە ئیلزامی دەكرێت. لە كاتێكدا كە وەزیرێك دەڕوات، ئەو یاسایەش هیچ سوودێكی نامێنێت و تەنیا جۆرە فەوزایەك دروست دەكات. بۆیە زۆر گرنگە پەیوەندیی نێوان حكومەت و زانكۆ زۆر بەهێز بێت و لەگەڵ كەرتی تایبەتیش، هەرسێ لایەنەكە پێكەوە پەیوەندییەك دروست بكەن. ئەگەر ئەمە بكرێت من پێموایە زانكۆ ڕۆڵی لە دروستكردنی هەرێمێكی زۆر پێشكەوتوو دەبێت.
